رووداو دیجیتاڵ
چەند چالاکوان و کەسایەتییەکى سلێمانى هەڵمەتێکیان بۆ پاراستنى ئاژەڵى بێلانە دەستپێکردووە. لە دەستپێکدا لەسەر ئەرک و گیرفانى خۆیان 50 کولانە بۆ ئەو ئاژەڵانە دروست دەکەن و لە جێگەکانى کەنارى سلێمانى بۆیان دادەنێت کە ئامانجی ئەوەشیان هەیە سەگ لە ناوشار دوور بخەنەوە.
توانا ئەمین، رێکخەرى کەمپەینى لانە بۆ ئاژەڵانى بێلانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە دۆڵەڕووت، دۆڵەمیران، هەوارى شار و چەند شوێنێکى دیکە کولانەکان دادەنێین. هیوادارم خەڵک بیانپارێزێن، چونکە بەبێ پاڵپشتىی هیچ کەس و حیزبێک کردوومانن. گلەیى گەورە لەسەر حکومەتە کە لانەیەکیان بۆ ناکاتەوە. لە هەولێر هەیە، بەڵام لە سلێمانى نییە."
ئەو چالاکوانانە جگە لە کولانەدروستکردن، هەڵمەتێکى هۆشیاری و داواکاریشیان لە سۆشیال میدیا راگەیاندووە و داوادەکەن، خەڵک ئەگەر ئاژەڵە بێلانەکانیش ناپارێزن، نەیانکوژن و بەردبارانیان نەکەن.
تابلۆ حەسەن، پزیشکى فێتێرنەرىیە و دەڵێت: "پێویستە ئەم ئاژەڵانە لە شوێنێک کۆبکرێنەوە و بەپێى بنەماى زانستى بخەسێنرێن."
ماهیر حەسەن، ئەکتەرە و دەڵێت: "پێویستە مافى ئاژەڵانیش وەک مافى مرۆڤ بپارێزرێت و لانەیان بۆ بکرێتەوە."
ئاوات محەممەد، قایمقامى سلێمانى بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر بەپێى یاساى عێراقى ئەو ئاژەڵانە لەناو دەبران، بەڵام ئێستا رێکخراوەکانى ئاژەڵان رێگە نادەن."
لە سلێمانى زیاد لە 10 رێکخراوى پاراستن و بەرگرى لە ئاژەڵان هەن، هەندێکیان ناوبەناو بە هەڵمەت و خۆبەخشى خۆراک و چارەسەر و دەرمان بۆ ئاژەڵان دابین دەکەن، بەڵام هێشتا گلەیى ئەوەشیان لەسەرە کە وەک پێویست نین.
شادى عەلى، سەرۆکى گرووپى دۆستانى ئاژەڵ دەڵێت: "پێم باشە لە پرۆگرامى خوێندنى منداڵانەوە پەروەردەى ئاژەڵان بخوێنرێت. مرۆڤ دەتوانێت هاوار بکات، قسەبکات، بەڵام ئاژەڵان وانین."
بەپێى ئامارى نەخۆشخانەى شار لە سلێمانى، ساڵانى 2018، 2019 و 2020 نزیکەی دوو هەزار رووداوی سەگگەستن و پەلاماری سەگ سەردانى ئەو نەخۆشخانەیان کردووە. بەگشتییش زیاتر لە شەش هەزار رووداو لە سنوورى هەموو پارێزگاکە تۆمارکراون کە زۆرینەى گەزراوەکان منداڵبوون و هۆکارى سەرەکییش بۆ برسیبوون و نەبوونى لانە و پەناگە دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ