رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە بەم نزیکانە شاندی هەردوو دەزگای شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
شوان محەممەد کەلاری، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە شاندی هەردوو دەزگای شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عێراق سەردانی هەرێـمی کوردستان بکەن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی گوتی، ئێستا سەرقاڵی رێکخستن و ئامادەکاری ئەو سەردانەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆدەبنەوە.
شوان محەممەد کەلاری گوتیشی: "ئامانجی سەردانی شاندەکەی عێراق بەهێزکردنی پەیوەندیی هەردوو دەزگاکەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەو بڕگە و مادەیاساییانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسی و شەهیدانەوە".
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە 26ـی ئابی 2025 دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسی (ژمارە 4ی ساڵی 2006) دا و بەگوێرەی هەموارەکە، سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق یەکدەخرێت.
بەگوێرەی بڕگەی 15 لە مادەی 3ـی یاسا هەموارکراوەکە، ئەو زیندانییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لەنێوان ساڵانی 1963 بۆ 2003 زیندانیکراون، قەرەبوو دەکرێنەوە.
یەکێک لە سەرەکیترین خاڵەکانی ئەم هەموارە، یەکخستنی مووچەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ عێراق. شوان محەممەد کەلاری گوتی، "پێشتر لە عێراق مووچەی زیندانیی سیاسی یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار بوو بۆ 25 ساڵ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنیا 500 هەزار دینار بوو بۆ 10 ساڵ. بەگوێرەی ئەم یاسایە، ماف و مووچەی زیندانییانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراقی لێ دێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند کراون بە جێبەجێکردنی یاساکە، وەزارەتی دارایی عێراقیش راسپێردراوە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی شایستە داراییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ