وەزیری ئاوەدانکردنەوە: بە گوژمەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینار پڕۆژەی رێگەوبانمان جێبەجێ کردووە

28-09-2025
پەیمان محەممەد
 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، زیاتر لە 600 پڕۆژەی رێگەوبانیان جێبەجێ کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەکان تێکڕا تێچوویان دەگاتە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-09-2025، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بۆ بەسەرکردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژە، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، دانا عەبدولکەریم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەیەکی رێگەوبانی ملەی گەچینە تەواو بووە و ئەمڕۆ دەخرێتە خزمەت گوندنشینانی ناوچەکە.
 
بەگوتەی دانا عەبدولکەریم، درێژیی رێگەکە 7.2 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 613 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە.
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسی لە پڕۆژەی رێگەوبانی دەروازەی سنووریی سازانیش کرد کە پارێزگای هەڵەبجە بە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستێتەوە و گوتی، ''هەوڵ دەدرێت بەر لە سەری ساڵ، پڕۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
 
وەک دانا عەبدولکەریم ئاماژەی دا، بە گوژمەی زیاتر لە 100 ملیار دینار پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و رێگەبان لە پارێزگای هەڵەبجە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەشێکیان تەواو کراون.
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتر رێگەوبانی نوێ و رێگەی زیاتر لە 250 گوند قیرتاو کراون.
 
گوتیشی، ''تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 پڕۆژەی رێگەوبانمان تەواو کردووە کە تێکڕا تێچوویان زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.