رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان ئاماری کارەکانی ساڵی رابردووی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، کارکردن لە رێگەی دەربەندیخان - زەڕایەن بەچڕی بەردەوامە و زیاتر لە 100 گوند سوودمەند بوون.
ئەندازیار عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'مژار'ی رادیۆی رووداودا، رایگەیاند، سەرەڕای قەیرانی دارایی، لە ماوەی ئەمساڵدا 23 پڕۆژەی رێگەوبانیان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ کردووە. راشیگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی رێگەی دەربەندیخان - زەڕایەن بەچڕی بەردەوامە.
"100 گوند لە پڕۆژەکانمان سوودمەند بوون"
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ 23 پڕۆژەیان تەواو کردووە کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەبووە. عەدنان خەلیل گوتی: "کۆی گشتیی پڕۆژەکان بە درێژایی 89 کیلۆمەتر بووە و بە گوژمەی 12 ملیار و 611 ملیۆن دینار خراونەتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، کە زیاتر لە 100 گوند لە سنوورەکە لێی سوودمەند بوون."
جگە لەوەش، پڕۆژەی رێگەی کفری - قەرەبڵاخ کە درێژییەکەی 24 کیلۆمەترە، بە گوژمەی حەوت ملیار دینار تەواو کراوە. بە گوتەی عەدنان خەلیل، "رێگەکە لە دوو چین قیر پێکدێت، چینی یەکەمی 100٪ تەواو بووە و بەکاردەهێنرێت، بەڵام چینی دووەمی ماوە و هێشتا پڕۆژەکە بە فەرمی وەرنەگیراوەتەوە."
دوای تەواوبوونی جووتسایدی کەلار - دەربەندیخان، ئێستا کارکردن لەسەر رێگەی دەربەندیخان بەرەو زەڕایەن دەستیپێکردووە.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان گوتی: "پڕۆژەکە درێژییەکەی 10.5 کیلۆمەترە و لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە بە چڕی کاری تێدا دەکرێت. زیاتر لە یەک ملیۆن مەتر سێجا کاری بڕین (قەلع) و 500 هەزار مەتر سێجا کاری پڕکردنەوە (دفن) کراوە، هەروەها دیوارە پاڵپشت و ئاوبارەکانیش بە گشتی تەواو بوون و پڕۆژەکە هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە."
"پڕۆژەیەک بەبێ پارە کار دەکات"
ساڵی 2023 بەهۆی لافاوەوە زیان بەر پردێکی ناحیەی سەرقەڵا و رێگەی گوندی عەوڵڵاقوت گەیشت. عەدنان خەلیل دەڵێت: "پردی سەرقەڵا کاری تێدا دەکرێت و بناخەکەی تەواو بووە." بەڵام سەبارەت بە رێگەی گوندی عەوڵڵاقوت، کە زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی بەڵێندەر دەستی بەکار کردووە و بەردەوامە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ پڕۆژەکە خەرج نەکراوە."
سەبارەت بە فراوانکردن و دووسایدکردنی رێگەی نێوان پردی گردەگۆزینە و ساڵح ئاغا، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان روونیکردەوە کە پڕۆژەکە لە چەند قۆناخێک پێکدێت. ساڵی رابردوو فلکەی ساڵح ئاغا بە بڕی 300 ملیۆن دینار تەواو کراوە. ئەمساڵیش دوو قۆناخی دیکە دەستیان پێکردووە، کە لەسەر بودجەی ئیدارەی گەرمیانە.
قۆناخی یەکەم لە 1ی تشرینی یەکەمەوە لە پردی گردەگۆزینەوە دەستی پێکردووە، قۆناخی دووەمیش لە کۆتایی جووتسایدی ساڵح ئاغاوە دەستپێدەکات و بەشی نێوەڕاستی رێگەکەش وەک تەواوکاری لەلایەن کۆمپانیای بیشکانەوە جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ