بەرگریی شارستانیی غەززە: 44 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران

29-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، 44 کەس کوژراون، 23 کەسیان لە هێرشی سەر ماڵێکی نێوەڕاستی غەززە کوژران.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-05-2025 محەممەد موغەییر، بەرپرسێکی بەرگریی شارستانی گوتی: "دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵی خێزانی قرێناوی لە رۆژهەڵاتی کەمپی پەنابەرانی بورەیج لە ناوەڕاستی غەززە، 23 کەس شەهید بوون و چەند کەسێکی دیکە بریندار و بێسەروشوێن بوون. لە تەواوی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو 44 کەس شەهید بوون."
 
موغەییر هەروەها رایگەیاند، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە، ئەم بەیانییە لە نزیک ناوەندی یارمەتیی ئەمریکی لە میحوەری مۆراگ لە باشووری کەرتی غەززە، دوو کەس کوژران و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
 
ناوەندەکە، کە لەلایەن رێکخراوێکی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت، بەشێکە لە پلانێکی نوێ بۆ دابەشکردنی یارمەتی لە غەززە کە ئیسرائیل دەڵێت مەبەست لێی دوورخستنەوەی پێداویستییەکانە لە دەستی حەماس، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا بووەتەوە.
 
لە راگەیێنراوێکدا، سوپای ئیسرائیل گوتی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا "دەیان ئامانجی تیرۆریستی لە سەرانسەری کەرتی غەززە" پێکاوە.
 
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند: "لە نێو ئامانجە پێکراوەکاندا تیرۆریستان، پێکهاتەی چەکداری، خاڵەکانی چاودێری و نیشانەشکێنی کە هەڕەشە بوون بۆ سەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، توونێلەکان و ژێرخانی تیرۆریستیی دیکە هەبوون."
 
سەرەتای ئەم مانگە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە چڕکردەوە، کە بەهۆی هێرشێکی گرووپی چەکداری فەلەستینی حەماسەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد.
 
هێرشەکەی حەماس بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 1,218 کەس، کە زۆربەیان سڤیل بوون.
 
لە کۆی 251 بارمتە کە لە کاتی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا رفێنران، 57 کەسیان هێشتا لە غەززەن، لەنێویاندا 34 کەس کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت مردوون.
 
نێوەندگیرەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک کە هێشتا دیارنییە، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.
 
تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لەوکاتەوەی ئیسرائیل لە 18ی ئادارەوە کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێناوە، لانیکەم 3,986 کەس لە ناوچەکەدا کوژراون، ئەمەش کۆی گشتیی کوژراوانی شەڕەکە دەگەیەنێتە 54,249 کەس، کە زۆربەیان سڤیلن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە: د. دلاوەر ئاژگەیی و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا

هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکەن

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.