رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە، منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان کەوتە نێو ئاو و خنکا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە دەڵێت، سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
رۆژی سێشەممە 29ی ئابی 2023 عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 04:00 خێزانێک کە خەڵکی سنووری قەزای چەمچەماڵن و بۆ سەیران و بەسەربردنی کات هاتبوونە سنووری گوندی بۆگد لە ناحیەی ئاشتی، منداڵێکیان کەوتە نێو ئاو و خنکا."
گۆران ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، منداڵەکە تەمەنی هەشت ساڵە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی دەرنەهێندراوە و سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی.
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکە 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاوە.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ