رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 دەڵێت، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی بەغدایان کردووە و هەستیان بەوە کردووە کە ''دواخستن''ـیک لە بەرەوپێشبردنی جێبەجێکردنی مادەی 140ـدا هەیە، گوتیشی، هادی عامری خۆی لە راییکردنی کارەکانی تایبەت بە مادەی 140دەدزێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 29-08-2024، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستوور لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی چالاکییەکانی نووسینگەکەوە رایگەیاند، ''ئەم ساڵ چوار جار سەردانی سەرۆککۆمارم کردووە کە دوایین جار راپۆرتێکم پێشکێشکرد و تێیدا باسی سێ لایەنم کردبوو کە کێشەمان بۆ دروست دەکەن، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی بەرگری و دادگەی کەرکووک.''
کاکەڕەش سدیق گوتی، ''شەوی رابردوو 100چەکی قەرەبووکردنەوەمان پێگەیشتووە کە رۆژی یەکشەممە دەستدەکەین بە دابەشکردنی بەسەر خەڵکدا و تایبەتە بە ئەو کەسانەی کە لە شوێنی خۆیان دەرکراون.''
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140، ئێستا دۆخی شارەکە هێور بووەتەوە، ''بە شێوەی پێشوو نییە کە هەڵمەتیان دژی خەڵکی کورد دەبرد''.
کاکەڕەش سدیق ئاماژەی دا، پێشتر بەو ئەنجامە گەیشتبوون کە پێویستە بۆ باشتر راییکردنی کارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی مادەی 140 و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان کۆمەڵێک لیژنە پێکبهێنرێن، ''بەڵام راکان سەعید [پارێزگاری بەوەکالەتی پێشووی کەرکووک] دژایەتی دەکردین، بۆیە کارەکانمان راگرتبوون، بەڵام ئێستا دەتوانین دەستبەکار ببینەوە.''
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140، دوێنێ چوارشەممە، لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە نووسراویان بۆ هاتووە کە راپۆرتی کاریی خۆیان ئامادە بکەن و ئەمڕۆ یان سبەی راپۆرتەکەیان دەنێرنە بەغدا.
''دوو هەزار عەرەبی هاوردە و عەرەبی کەرکووک قەرەبوو کراونەتەوە''
وەک کاکەڕەش سدیق دەڵێت، لیژنەیەک لە نووسینگەکە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بەهای زەوییە کێشەلەسەرەکان دیاری بکات، ''نزیکەی دوو هەزار عەرەبی هاوردە و عەرەبی شارەکە قەرەبوویان وەرگرتووەتەوە. زیاتر لە هەزار کەس ماوەتەوە کە قەرەبوو بکرێنەوە و ئێستا پێویستیمان بە 13 ملیار دینارە و هەوڵی ئەوە دەدرێت ئەم بڕە پارەیە بخرێتە بەردەستی لیژنەکەمان بۆ دابەشکردنی.''
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 ئەوەشی خستەڕوو، دوای دەستبەکاربوونی رێبوار تەها، پارێزگاری نوێ، ئەم هەفتەیە لیژنەکەیان دەستبەکار دەبێتەوە و هەوڵ دەدەن قەرەبووی ئەو کەسانە زیاد بکەن کە بە تەواوی قەرەبوو نەکراونەتەوە.
کاکەڕەش سدیق ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی رژێمی پێشوو هەڵوەشێندراونەتەوە و ''لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەبدولکەریم خەفاجی، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی عێراق سەرقاڵی کارەکەن و دەڵێن، هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە و دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان، داوامان کردووە زەوییەکان بدرێنەوە خاوەنە راستەقینەکەی خۆیان.''
''بایکۆتی کۆبوونەوەکانی بەغدامان کردووە''
وەک ئەو بەرپرسەی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 گوتی، بۆیان دەرکەوتووە کە دواخستنێک لە کارەکانی قەرەبووکردنەوە و بەگشتی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووردا دەبینرێت، ''بۆیە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی بەغدامان کردووە و یاداشتێکمان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران.''
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و رێکخراوی بەدر، سەرۆکایەتیی لیژنەی باڵای مادەی 140ی دەستوور دەکات. کاکەڕەش سدیق دەڵێت، ''هادی عامری خۆی دەدزێتەوە لە کارەکان و وەکو پێشوو جددی نییە، بۆیە ئەگەر ئەوەی ئێمە داوای دەکەین جێبەجێ نەکرێن، لە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی بەغدا بەردەوام دەبین.''
ئەو بەرپرسەی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 ئەوەشی خستەڕوو، دوو هەزار و 700 ناویان (هاونیشتمانیی کورد و تورکمان ناوچەکە) ناردووەتە بەغدا کە چەکیان بۆ بکرێت، بەڵام 500 ناویان بە پاساوی پێوستیی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان بۆ ناردوونەتەوە.
کاکەڕەش سدیق دەڵێت، ''داوامان لەو 500 کەسەکە کردووە سەردانمان بکەن، خەڵکێکی زۆر بە دەنگمانەوە هات، نوێکردنەوەی گرێبەستمان بۆ تەواو کردن، بەڵام هەندێکیشیان تاوەکو ئێستا نەهاتوون.''
ئەو بەرپرسەی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 جەختی لەوە کردەوە، "ئەگەر بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان سەردانمان نەکەن، ئێمە وەڵامیان نادەینەوە و بە هیچ شێوەیەک کاریان بۆ ناکەین و مافیان دەخورێت.''
''1081چەکی دەرکراوەکان دابەشکراوە''
کاکەڕەش سدیق هەندێک ئاماری خستەڕوو و گوتی، لە ساڵی 2023ـدا، 311 چەکی قەرەبووکردنەوە بە ئەو کەسانەی لە شوێنی خۆیان دەرکرابوون (مورەحێلین) درا، هەروەها 617 چەکیش لە نێوان عەرەبی هاوردە (وافدین) دابەشکران.
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140، لە ساڵی 2024ـیشدا، هەزار و 81 چەک بەو کەسانە دراوە کە لە شوێنی خۆیان دەرکرابوون و عەرەبی هاوردەش بە 755 چەک قەرەبوو کراونتەوە.
کاکەڕەش سدیق ئاماژەی بەوەش کرد، ''بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ هەواڵیان پێگەیاندین کە 40 ملیار دیناری دیکە گەیشتووەتە لیژنەی باڵای مادەی 140، ئەو 40 ملیارە بەشی ئێمەشی تێدا دەبێت بۆ دابەشکردنی چەکی [کورد و تورکمانی ناوچەکە] خەڵک.''
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ساڵ پڕۆسەی قەرەبووکردنەوە لە چوارچێوەی مادەی 140ـدا تەواو نابێت، ''ناوی پێنج هەزار عەرەب ئامادەیە کە چەک وەربگرن و سەرجەمیان نێردراون بۆ بەغدا، ئێمە کارمان بە ئەوان نییە و خۆیان دەزانن جێ دەکەن لەگەڵ ئەو ناوانە.''
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ