رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، زیاتر لە 40 هەزار قوتابی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و لە کاژێرەکانی کۆتایی ئەمشەویشدا بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی کاتەکەی دەدرێت.
رۆژی سێشەممە 30ی ئەیلوولی 2025، د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 12:00ـی ئەمشەو دوایین وادەی پڕکردنەوەی زانکۆلاینە. تاوەکو ئێستا بڕیار لە درێژکردنەوەی نەدراوە و لە کاژێرەکانی کۆتایی ئەمشەودا بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی یان راگرتنی دەدرێت."
ئەم ساڵ زیاتر لە 57 هەزار قوتابی دەتوانن زانکۆلاین پڕبکەنەوە. د. خەتاب ئەحمەد گوتی، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار قوتابی ناویان تۆمارکردووە و پێنج هەزاری دیکەش لە قۆناخی کۆتاییدان."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 قوتابیی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان دەرچوون، لەوانە 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشی وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
23ی ئەیلوول زانکۆلاین کاراکرا. ئەم ساڵ دەرچووان دەتوانن لە 680 بەشی 16 زانکۆدا بە هەر سێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران) داواکاری پێشکێش بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ