رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بەشی زۆری ئەو حیزب و بەربژێرانەی بەهۆی پێشێلکاری لە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە سزادراون، پارەی پێبژاردنەکەیان نەداوە.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆبەی کاروباری بەربژێران، حیزب و بەربژێرانی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت ئەو بڕە پێبژاردنەی سزادراون بیدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان پارەکەیان نەداوە".
بە گوتەی جومانە غەلای، "لە چەند رۆژی داهاتوودا سزادراوان بە نووسراوێکی فەرمی ئاگاداردەکرێنەوە و ماوەیەکیان بۆ دیاری دەکرێت بۆئەوەی تێیدا ئەو بڕە پارەیە رادەست بکەن. بەپێچەوانەوە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و بە یاسای 56ی ساڵی 1977 کە تایبەتە بە وەرگرتنەوەی قەرزی حکومەت، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 34 پێشێلکاری لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراون کە 29 یان بەربژێر کردوویانە و 5ەکەی دیکەش لە لایەن لیستەوە بوون. ئەو کەس و لایەنانە بەهۆی سەرپێچی لە یاساکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بەپێبژاردن سزادراون. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "سزای پێبژاردنی ئەو حیزب و بەربژێرانە لە 500 هەزارەوە تاوەکو دوو ملیۆن دینارە. تاوەکو ئێستا تەنیا یەک حیزب پێبژاردنەکەی داوە."
بانگەشەى هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 25ى ئەیلوولی ئەم ساڵ دەستیپێکرد و لە 15ى تشرینى یەکەم کۆتاییهات.
14 پارت و هاوپەیمانێتى و 1191 بەربژێر بانگەشە و رکابەرییان بۆ بردنەوەی 100 کورسی پەرلەمانى کوردستان کرد.
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، سزاى پێبژاردنى پێشێلکارییەکانى بانگەشە بەگوێرەی جۆری پێشێلکاری لەنێوان 100 هەزار دینار بۆ 50 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ