پارتی و یەکێتی سبەی کۆدەبنەوە

30-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێن، سبەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت، تایبەتە بە پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێکهێنانی حکومەت ناکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2025 چیا هەرکی، کە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیشە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەستپێبکاتەوە و بڕیارە کۆبوونەوەکە لە هەولێر بێت."
 
چیا هەرکی، گوتی: "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت."
 
پارتی دەستپێشخەریی کردووە بۆ کۆبوونەوەکە. ئەو بەرپرسەی پارتی لە هەولێر گوتی: "لە هەفتەی رابردووەوە، شاندێکی پارتی سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێکردووەتەوە؛ هەر لەو چوارچێوەیەشدا سبەی سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن."
 
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە سبەی یەکێتی و پارتی لە هەولێر کۆبنەوە. باسی لەوەشکرد: "کۆبوونەوەکە لە نێوان دوو شاندی هەردوولا دەبێت و تایبەت نییە بە پێکهێنانی حکومەت".
 
لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا، هۆشیار زێباری سەرۆکایەتیی شاندی پارتی و قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتییان دەکرد. ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "کۆبوونەوەکە لە ئاستی لووتکە نابێت و لە نێوان دوو شاندی هەردوولا دەبێت."
 
بە گوتەی چیا هەرکی، لە پەراوێزی بابەتی پێکهێنانی حکومەت، ئەگەری هەیە باسی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بکرێت.
 
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی رابردوویاندا، توانییان لەسەر کارنامەی حکومەت بگەنە لێکتێگەیشتن، بەڵام کاتێک هاتنە سەر پۆستەکان، کۆبوونەوەکان ئاستەنگیان تێکەوت، بە تایبەتی دوای ئەوەی یەکێتی داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆی کرد، بەڵام بەرپرسانی پارتی بە راشکاوی بە یەکێتییان گوتووە کە ئەو پۆستەیان پێنادەن.
 
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسیی بەدەستهێنا و یەکێتیش 23 کورسی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پەروەردە: لە هەرێمی کوردستان خوێندن بە حەوت زمان هەیە

لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، خوێندن بە حەوت زمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەنێویاندا جگە لە کوردی، تورکمانی و سریانی وەک زمانی دایک بە فەرمی دەخوێندرێن