رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەوروبەری کاژێر 04:00، دوو درۆن لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر خراونەتە خوارەوە.
خستنە خوارەوەی درۆنەکان هیچ زیانێکیان نەبووە.
لەلایەکی دیکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک هاونیشتمانی لە هەولێر پەیوەندییان بە رووداو کرد و گوتیان، دەنگی بەرزیان لە نزیک فڕۆکەخانەی شارەکەوە بیستووە. لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەک لەنێو فڕۆکەخانەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگە بەرزەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نزیک فڕۆکەخانەکەوە بیستراوە هێرشی درۆنی نەبووە، بەڵکو مەشق و راهێنانی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە.
نیگەرانی ئەو هاونیشتمانییانە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار بە درۆن هێرشکراوەتە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، گرووپە چەکدارەکان نزیکەی 165 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و ناوچەکەدا، کە بەشێک لەو هێرشانە بۆ نزیکی فڕۆکەخانەی هەولێر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ