رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی نوێی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، رەتیدەکاتەوە کێشەی قووڵ لەنێو کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەیدا هەبێت و رایدەگەیێنێت، کۆنگرەکەیان "سەرکەوتوو و بێکێشە" بووە و ئەوەی باسدەکرێت "لەلایەن میدیاوە گەورە کراوە".
19ـی تەمموزی 2025، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی لە هەولێر کرد و دوو رۆژی خایاند، لە رۆژی دووەمدا بە زۆرینەی دەنگ 29 ئەندامی سەرکردایەتی و 4 ئەندامی یەدەگی بۆ سەرکردایەتی هەڵبژارد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-7-2025، شوان رابەر، ئەندامی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی کێشە و تۆمارکردنی تانە لە ئەنجامەکانی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەری دەکەن، رایگەیاند: "کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی لیژنەی دادوەری و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچوو، بۆیە شەرعیەتی تەواوی هەیە و هیچ کێشەیەکی گەورەی تێدا نەبووە."
دوای 11 رۆژ لە کۆتاییهاتنی کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی، کێشە لە ئەنجامی کۆنگرە دروستبووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنیش ئەنجامەکەی پەسند نەکردووە.
سەبارەت بە ناڕەزایەتیی بەشێک لە ئەندامان و سەرکردەکان و کەمکردنەوەی دەنگەکانیان، شوان رابەر گوتی: "ئەو زانیارییانە هەندێکیان هەڵەن و زێدەڕۆییان تێدایە. لە کۆنگرەیەکدا کە 900 کەس دەنگ دەدات، بوونی هەڵەیەکی بچووک لە ژماردندا ئاساییە، بەڵام ئەوە مانای تەزویر و کێشەی گەورە نییە."
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تاوەکو ئێستا دانی بە ئەنجامی کۆنگرەکەدا نەناوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵ گوتی: "ئەوە ئیجرائاتێکی یاساییە و کاتی دەوێت. بۆ هەموو حیزبێک بەو شێوەیەیە و مانای بوونی کێشە نییە."
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دەبێت سەرکردایەتیی نوێی کۆمەڵ دوای کۆنگرە کۆببێتەوە، ناوی سیانی ئەندامانی سەرکردایەتی، ژمارەی دەنگەکانیان و پەیڕەوی نێوخۆیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بە پەسندکراوی ئاراستەی کۆمیسیۆن بکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراوێکیان نەداوەتە کۆمیسیۆن، بەو هۆیەش ئەنجامی کۆنگرەی پەسند نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی یاسای بەردەست، دۆخەکە ئاساییە و کات هەیە لە رۆژانی داهاتوودا کۆمەڵ ناو و نووسراوەکان بداتە کۆمیسیۆن لە بەغداوە ئەنجامی پەسندکراو وەربگرێت.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئەو حیزبە کوردستانییە لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەش لە ئەمیرەوە کرایە سەرۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ