رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو چیرۆکی خراپیی گوزەرانی دوو هاوژینی بەتەمەنی سلێمانی بڵاوکردەوە، نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوکاریی گەیاندە خێزانەکە و خانوویان بۆ دابین کرا.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە تۆڕی میدیایی رووداو ژیانی خراپی خێزانێکی سلێمانییان بینیوە کە دوو هاوژینی بەتەمەن و نەخۆشی بێ ماڵ و حاڵن و لەسەر شەقام دەمێننەوە، بڕیاریانداوە ماڵ و خانوو بۆ ئەو خێزانە دابین بکەن".
نووسینگەکە دەڵێت، سەرەتا بۆ ماوەی یەک ساڵ خانوو بۆ دوو هاوژینە بەتەمەنەکە بەکرێ گیراوە.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە رووداوی گوت، سەرەتا خانوویان بۆ بەکرێ گرتوون و دواتر لەگەڵیان دەبن تاوەکو ئەو کاتەی ژیانیان زامن دەکەن و "هیچ کێشە و گرفتیان نابێت".
وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، مام نەوزاد (پیاوە بەتەمەنەکە) بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو دەڵێت، خاوەن خانووەکە پێی گوتووە دەربچن و ئەمانیش توانای کرێی مانگانەیان نەبووە، ناچار بوون کە بچنە سەر شەقام. ئەو پیاوە دەڵێت: "گوێرەوی دەفرۆشم، بەچی کرێ خانوو بدەم؟".
هاوکات، رەعنا خان (ژنە بەتەمەنەکە) کە قاچێکی شکاوە بە رووداو دەڵێت، خاوەن خانووەکەیان پێی گوتوون ئەگەر دەرنەچن شۆڤڵ دەهێنێتە سەریان. ئەوان لە رێگەی رووداوەوە داوای هاوکارییان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ