رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا بە فەرمی نیگەرانیی خۆی لەبارەی پێکدادانەکانی حەلەب و قوربانییانی سڤیل دەربڕی و داوا لە لایەنەکان دەکات دەستبەجێ دۆخەکە هێور بکەنەوە و پەنا بۆ دیالۆگ بەرن؛ ئەمە یەکەم کاردانەوەی فەرمیی لەندەنە لەسەر شەڕی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق.
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026 وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا (FCDO) لە پۆستێکدا لە ئێکس بڵاوی کردەوە: "بە تووندی نیگەرانیی پێکدادانەکانی باکووری حەلەب و ئەو برینداربوون و ئاوارەبوونەین کە لەنێو خەڵکی سڤیلدا کەوتووەتەوە."
بەریتانیا جەختی کردەوە کە "بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە سووریا گرنگییەکی گەورەی هەیە."
لەندەن داوای هەنگاوی خێرا دەکات و دەڵێت: "شانشینی یەکگرتوو داوا دەکات دەستبەجێ دۆخەکە هێور بکرێتەوە، پەنا بۆ دیالۆگ ببرێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن؛ ئێمە بەردەوامین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە."
لە رۆژی سێشەممەوە شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.
بەپێی دوایین ئامار کە نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە رووداوی گوت، 8 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 48 کەسی دیکە بریندار بوون و زیان بە زیاتر لە 300 خانوو و باڵەخانە گەیشتووە.
لەبەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب کوژرانی 4 سڤیل و برینداربوونی 18ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت راگەیاند، هاوکات وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە، جگە لە برینداربوونی 9 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لەکاتی دەوامدا.
پارێزگاری حەلەب بەهۆی دۆخەکەوە دەوامی فەرمیی لە قوتابخانە و زانکۆکان راگرت.
فەوزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "راگەیاندنی جەنگ هەڵەیەکی ستراتیژییە و بەسەر دیمەشقدا سەپێنراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ