رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، رۆژی هێرشکردنە سەر شاری رەفەحیان دیاری کردووە، ئەوە لەکاتێکدایە چەندین جار هۆشداری بە ئیسرائیل دراوە بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر شارەکە.
رۆژی دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا باسی لە ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەح کرد و گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە روودەدات؛ رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە دیاری کراوە".
شاری رەفەح کەوتووەتە باشووری کەرتی غەززە و هاوسنوورە لەگەڵ میسر. پێش دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و حەماس ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 250 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا سەرووی یەک ملیۆن کەسی تێدا دەژی.
نەتەنیاهوو بەدیاریکراوی باسی لەو رۆژە نەکرد، کە تێیدا هێرش دەکەنە سەر رەفەح، بەڵام ئەوەی دووپاتکردەوە کە "سەرکەوتن دژی میلیشیاکانی حەماس پێویستی بەوەیە بچینە نێو رەفەح و کۆتایی بە کەتیبەکانی تیرۆریستان لەوێ بهێنین".
ئەوە لەکاتێکدایە، نەتەنیاهوو لەنێوخۆ لەلایەن هاوپەیمانە راستڕۆکانی نێو حکومەتە جەنگییەکەی رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە، کە لە گفتوگۆکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل نیگەرانن.
گوتەکانی نەتەنیاهوو کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە و ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە ئەوەمان بە روونی بە ئیسرائیل راگەیاندووە کە هێرشی سەر رەفەح زیانێکی گەورەی بۆ هاووڵاتییانی سیڤیل دەبێت".
هەر رۆژی دووشەممە بەرپرسانی کۆشکی سپی رایانگەیاند، لە گفتوگۆکانی قاهیرەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە بەنێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، پێشنیازێکیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست داوەتە حەماس، بەرپرسانی حەماسیش رایانگەیاند خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەکە دەکەن.
تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، لانیکەم 33 هەزار و 207 کەس کوژراون، کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا هەزار و 170 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
چەکدارە فەلەستینییەکان هەروەها 250 کەسیان بە بارمتە گرت، 129یان لە غەززە ماون، لەوانەش 34یان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ