حەماس: رازیین 10 بارمتە ئازاد بکەین

09-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس رەزامەندیی سەرەتایی بۆ ئازادکردنی 10 بارمتە، وەک بەشێک لە دانوستاندنەکانی ئاگربەست نیشان دا. لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە بەشێکی غەززە دەکشێتەوە.
 
ئاژانسی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، ئیسرائیل نەخشەیەکی نوێی پێشکێش کردووە کە کشانەوەیەکی فراوانتری سوپاکەی لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش بووەتە هۆی پێشکەوتنێکی گەورە لە گفتوگۆکاندا و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
 
مەرجەکانی حەماس و ئیسرائیل
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختی کردەوە، حکومەتەکەی هەوڵی "کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس" لە کەرتی غەززە دەدات.
 
لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە هەوڵە چڕ و بەرپرسیارانەی بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکان بەردەوامە و دووپاتیکردەوە، هەوڵ بۆ "رێککەوتنێکی گشتگیر دەدات کە کۆتایی بە دووژمنکارییەکانی ئیسرائیل بهێنێت، گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان مسۆگەر بکات و ئازارە قووڵەکانی کەرتی غەززە کەم بکاتەوە."
 
حەماس ئاماژەی بەوەدا "نەرمیی پێویستی" نواندووە و رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ "ئازادکردنی 10 بارمتە" وەک پشتیوانییەک بۆ هەوڵەکان، بەڵام جەختیشی کردەوە، خاڵە جەوهەرییەکان هێشتا لەژێر گفتوگۆدان، لە سەرووی هەمووشیانەوە گەیشتنی هاوکارییەکان، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
 
ئیال زامیر، سوپاسالاری سوپای ئیسرائیل رایگەیاند،"بارودۆخ گونجاو بووە" بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێک کە ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان. زامیر لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: "دەستکەوتی گرنگمان بەدەستهێناوە و زیانێکی گەورەمان لە ژێرخانی دەسەڵات و توانای حەماس داوە" گوتیشی "بەهۆی ئەو هێزە ئۆپەراسیۆنییەی لەسەر زەوی نیشانماندا، ئێستا دەکرێت هەنگاو بەرەو رێککەوتن بنێین."
 
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا و گوتی: "لەم هەفتەیەدا یان هەفتەی داهاتوو هەلێکی باش بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک سەبارەت بە غەززە هەیە."
 
بەڵام یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداری لە قۆناخە هەستیارەکە دا و گوتی: "رووبەڕووی بڕیاری قورس و ئاڵۆز دەبینەوە، ئێمە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازداین بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان و بۆ کێشانی نەخشەی داهاتوومان لە ناوچەکەدا."
 
گفتوگۆ نهێنییەکان لە واشنتن
 
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئیسرائیل و قەتەر لە کۆشکی سپی گفتوگۆی نهێنییان لەبارەی ئاگربەست لە غەززە کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای قەتەر و رۆن دێرمەر، راوێژکاری باڵای نەتەنیاهوو کۆبووەتەوە. 
 
هەردوو بەرپرسە ئەمریکی و قەتەرییەکە بە دێرمەریان گوتووە، نەخشەی یەکەمی ئیسرائیل بۆ کشانەوە قبووڵکراو نییە. لە ئەنجامدا، ئیسرائیل نەخشەیەکی نوێی پێشکێش کردووە کە کشانەوەیەکی فراوانتری لەخۆگرتووە. سەرەڕای ئەوەی هێشتا هەندێک ناکۆکی ماون، بەڵام دانوستاندنەکان ئێستا لە رێڕەوێکی ئەرێنیدان.
 
پێشنیازە نوێیەکە، کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، ئاگربەستێکی 60 رۆژە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئازادکردنی قۆناخ بە قۆناخی بارمتەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە کەرتی غەززە و دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی یەکجاری.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە