مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوە

13-02-2024
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان.
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا لە دووبەی کۆبوونەوە و بەشێکی کۆبوونەوەکەیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان و بازرگانيی تورکیا ئامادەی بوون، بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنە تاوتوێ کرا.
 
ئەوەش هاتووە کە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگی لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
 
کۆبوونەوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 13-2-2024، بەڕێوەچوو.
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی گوتی، مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کردووە.

 

پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵانە چەندینجار بەرپرسانی باڵایان یەکدی دەبینن. 
 
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژی 06-02-2024 یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا. 
 
وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی 07-02-2024 لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
 
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە