ئێران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی دیکەی کردەوە سەر ئیسرائیل

14-06-2025
تەنیا ئەحمەد
دیمەنی ساتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی ئێرانی لە ناوەڕاستی تەلئەیڤیڤ
دیمەنی ساتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی ئێرانی لە ناوەڕاستی تەلئەیڤیڤ
نیشانەکردن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، سوپای پاسداران شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکیی لە تاران و کرماشانەوە کردووەتە سەر ئیسرائیل.

بەپێی راپۆرتەکەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، کە کاژێر 01:18 خولەکی بەرەبەیان بە کاتی تاران بڵاوکرایەوە، "خولێکی نوێی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر رژێمی زایۆنی لە تاران و کرماشانەوە دەستیپێکرد."
 
هاوکات، سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، مووشەکی زیاتر لە ئێرانەوە ئاراستەیان کراوە. لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "سیستمەکانی بەرگری هەڕەشەکە بەرپەرچ دەدەنەوە."
 
سوپای ئیسرائیل داواشی لە هاووڵاتییانی کردووە بچنە نێو پەناگا و شوێنە پارێزراوەکان و تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە لەوێ بمێننەوە.

 

 
ئەمە دووەم شەپۆلی هێرشی مووشەکیی ئێرانە لە ماوەی چەند کاژێرێکی کەمدا، کە وەک وەڵامدانەوەیەک دێت بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەی ئیسرائیل کردییە سەر چەندین ئامانجێکی ستراتیژی لەنێو خاکی ئێراندا.
 
گرژییەکان دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە ئیسرائیل بە بەشداری نزیکەی 200 فڕۆکەی جەنگی، هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی کردە سەر چەندین بنکەی ئەتۆمی، سەربازی و هەستیاری ئێران. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لەو هێرشەدا 78 کەس کوژران و 320ی دیکە بریندار بوون، کە لەنێویاندا 3 فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و 6 زانای ئەتۆمی هەبوون.
 
لە وەڵامدا، ئێران شەپۆلی یەکەمی هێرشە مووشەکییەکانی دەستپێکرد و چەندین ناوچەی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە نزیکەی 60 کەس بریندار بوون. بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاند، زۆربەی مووشەکەکانیان بە هاوکاریی سیستمی بەرگریی ئەمریکا خستووەتە خوارەوە.
 
سەرکردەکانی هەردوو وڵات هەڕەشەی تووندیان لە یەکدی کردووە. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی "قورسی" داوە، لە کاتێکدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هێرشی زیاتر بەڕێوەیە".
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی ئەم گرژییە مەترسیدارەوە دەربڕیوە و داوای دانبەخۆداگرتنیان لە هەردوولا کردووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە