رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، چەند وڵاتێک راگەیێندراویان بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد بۆ سەر ئێران.
ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لە راگەیێندراوی جیادا ئەم کردەوەیەیان بە پێشێلکاریی سەروەریی ئێران و یاسا نێودەوڵەتییەکان هەژمارکردووە و هۆشدارییان لە "دەرەنجامە مەترسیدارەکانی" داوە.
سعودیە: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڕەشەیە بۆ ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران و کردنە ئامانجی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە راگەیێندراوەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکارییە لە دژی سەروەریی ئێران و یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەریتە جیهانییەکان.
لە راگەیێندراوەکە جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی سعودیە دەکات بە رەتکردنەوەی بەردەوامیی هەڵکشانی گرژییەکان و فراوانکردنی بازنەی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە. هەروەها هۆشداری لە دەرەنجامی خراپی بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان دەکات بەوەی هەڵکشانی گرژییەکان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری گەلان و وڵاتانی ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، هانی هەردوولایەن دەدات دان بەخۆیاندا بگرن دۆخەکە هێوربکەنەوە. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان.
ئێندۆنیزیا: داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین
وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن."
عومان: هێرشەکان پەرەسەندنێکی مەترسیدارە
سەڵتەنەتی عومان، کە رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەگێڕێت لە گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کرد کە ئیسرائیل بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی کردییە سەر ئێران و بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار"ی لە قەڵەم دا کە هەڕەشە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات.
عومان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، مەسقەت "ئیسرائیل بە بەرپرسیاری ئەم پەرەسەندنە و دەرەنجامەکانی دەزانێت." داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستێکی روون و یەکلاکەرەوە وەربگرێت بۆ راگرتنی ئەم رێگە مەترسیدارە، کە هەڕەشەی لە پەراوێزخستنی چارەسەرە دیپلۆماسییەکان و لاوازکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
یەمەن: دەستدرێژییەکە بە پشتیوانی ئەمریکایە
حکومەتی یەمەن، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند: "دەستدرێژییەکەی رژێمی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئاشکرای ئەمریکایە."
ڤەنزوێلا و ژاپۆن: سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەین
حکومەتی ڤەنزوێللاش لە ئەمریکای باشووەرەوە بەدەنگ هات و راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
ڤەنزوێللا دەڵێت: سەرکۆنەی دەستدرێژیی ئیسرائیل دەکەین دژی ئێران، دەستدرێژییەک کە تۆماری دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل قورستر دەکات."
هاوکات وەزیری دەرەوەی ژاپۆنیش، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و داوای دانبەخۆداگرتنی لە هەموو لایەنەکانی ململانێکە کرد.
قەتەر: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی لەسەر شانە
قەتەر بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئیسرائیلییە دەکات کە خاکی ئێرانی کردە ئامانج و، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی ئێران و ئاسایشەکەی، هەروەها بە پێشێلکارییەکی روونی بنەما و یاساکانی نێودەوڵەتیی دادەنێت.
قەتەر نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بەم پەرەسەندنە مەترسیدارە دەردەبڕێت، کە دێتە چوارچێوەی شێوازێکی دووبارەی "سیاسەتە دەستدرێژکارانەکان کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات و، رێگری لەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتنە بە چارەسەری دیپلۆماسی."
قەتەر جەخت لەسەر پێویستیی ئەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بۆ راگرتنی بەپەلەی ئەم پێشێلکارییانەی ئیسرائیل بگرێتە ئەستۆ.
هاوکات هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە، کە دژی هەموو شێوازێکی تووندوتیژییە و داوای دانبەخۆداگرتن و خۆبەدوورگرتن لەو پەرەسەندنە دەکات کە دەبێتە هۆی فراوانکردنی بازنەی ململانێکان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئیمارات: ئەنجوومەنی ئاسایش کرد رێکاری بەپەلە و پێویست بگرێتەبەر
ئیمارات بە "تووندترین شێوە" ئەو هێرشە سەربازییەی ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد کە کرایە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. هاوکات نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە بەردەوامیی گرژییەکان و دەرەنجامەکانی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا، جەختی لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی بەرزترین ئاستی دانبەخۆداگرتن کردەوە، بۆ خۆبەدوورگرتن لە مەترسییەکان و فراوانبوونی بازنەی ململانێکە.
وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە کە ئیمارات باوەڕی وایە پتەوکردنی گفتوگۆ و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، باشترین بنەمایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەنووکەییەکان.
جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کردەوە لە رێگەی ئامرازە دیپلۆماسییەکانەوە دوور لە زمانی رووبەڕووبوونەوە و پەرەسەندن و، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد رێکاری بەپەلە و پێویست بگرێتەبەر بۆ راگرتنی ئاگربەست و چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی.
ئوردن: هێرشەکان پێشێلکردنی سەروەریی ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە
شانشینی ئوردنیش بە تووندترین شێوە، "دەستدرێژیی ئیسرائیلی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دۆست" سەرکۆنە کرد و، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەرچوونێکی زەقی لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان هەژمار کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، هۆشداریی دا لە دەرەنجامەکانی ئەم پەرەسەندانە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات و گرژییەکان تووندتر دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ