سوپای ئیسرائیل: زنجیرە هێرشێکی بەرفراوانمان کردە سەر بەرنامەی چەکی ئەتۆمی لە تاران

15-06-2025
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان زنجیرە هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ژێرخانی چەکی ئەتۆمی و تانکەرەکانی سووتەمەنی لە تاران کردووە و کۆتاییان پێهێناوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا، سوپای ئیسرائیل گوتی: "کەمێک لەمەوبەر، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل زنجیرە هێرشێکی بەرفراوانی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری بۆ سەر ژمارەیەک ئامانج لە تاران تەواو کرد، کە پەیوەست بوون بە پرۆژەی چەکی ئەتۆمیی رژێمی ئێرانەوە."
 
سوپای ئیسرائیل ئامانجەکانی دەستنیشان کردووە و دەڵێت، هێرشەکان بریتی بوون لە: بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئێران، بارەگای رێکخراوی سەرەکیی توێژینەوە و پەرەپێدانی بەرگریی نوێ لە ئێران و ئامانجی دیکە کە رژێمی ئێران بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی، بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بەکاریدەهێنان و ئەرشیفی ئەتۆمیی تێدا شاردبووەوە.
 
ئەم راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل، ئەو هەواڵە پشتڕاست دەکاتەوە کە پێشتر ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردبووەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بارەگای وەزارەتی بەرگری لە تاران کراوەتە ئامانج.
 
بەئامانجگرتنی پرۆژەی چەکی ئەتۆمی، جەختکردنەوەیە لەسەر پاساوی سەرەکیی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" لە 13ـی حوزەیران، کە لە سەرەتاوە رایگەیاند ئامانج لێی لەناوبردنی توانای ئەتۆمیی ئێرانە.
 
هەروەها، ئاماژەدان بە "تانکەرەکانی سووتەمەنی" و ژێرخانەکان، لەگەڵ ئەو راپۆرتانەدا یەکدەگرێتەوە کە باس لە هێرشکردنە سەر کۆگەی نەوتی شەهران و پاڵاوگەکانی دیکەی ئێران دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە