تۆم باراک: لوبنان حیزبوڵڵا چەک دەکات؛ کاتی ئەوەیە ئیسرائیل پابەند بێت

18-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رۆژی دووشەممە داوای لە ئیسرائیل کرد پابەندی بەڵێنەکانی بێت لە چوارچێوەی ئەو ئاگربەستەی کۆتایی بە شەڕی لەگەڵ حیزبوڵڵادا هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی لوبنان پرۆسەی چەککردنی گرووپە چەکدارەکەی دەستپێکرد.
 
بەپێی ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەم، کە کۆتایی بە زیاتر لە ساڵێک لە پێکدادان هێنا، لەنێویاندا دوو مانگ شەڕی فراوان لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا، بڕیار بوو حیزبوڵڵا چەکدارەکانی لە نزیک سنووری ئیسرائیل بکشێنێتەوە و چەکەکانیان بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی لوبنان.
 
بڕیار بوو ئیسرائیل هێزەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام لە پێنج خاڵی سنووری کە بە ستراتیژییان دەزانێت، هێشتوونیەتییەوە و بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر لوبنان، هەڕەشەی ئەوەش دەکات تاوەکو حیزبوڵڵا چەک نەکرێت، بەردەوام دەبێت.
 
باراک، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە بەیروت، رایگەیاند: "هەمیشە رێگەیەکی هەنگاو بە هەنگاو هەیە، بەڵام پێموایە حکومەتی لوبنان بەشی خۆی جێبەجێ کردووە. ئەوان هەنگاوی یەکەمیان ناوە. ئێستا ئەوەی پێویستمانە، پابەندبوونی ئیسرائیلە."
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، دیپلۆماتە ئەمریکییەکە گوتی: "هەموومان بە ئاراستەیەکی دروست هەنگاو دەنێین."
 
بەپێی راگەیێندراوێک، بەڕی کە هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە، رایگەیاندووە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی "دەروازەی سەقامگیرییە بۆ لوبنان."
 
''پێشکەوتن''
 
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان کە ئایا چاوەڕێ دەکات ئیسرائیل بە تەواوی لە خاکی لوبنان بکشێتەوە و پێشێلکارییەکانی رابگرێت، باراک گوتی: "ئەوە بەتەواوی هەنگاوی داهاتووە" کە پێویستە بنرێت.
 
دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکە، ئاماژەی بە قەیرانی ئابووریی لوبنان کرد و گوتی: "پێویستمان بە بەشداریی ئیسرائیل و پلانێکی ئابووری بۆ خۆشگوزەرانی، ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوە هەیە."
 
باراک ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن "ئێستا لە پرۆسەی گفتوگۆدایە لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە هەڵوێستیان" و گوتیشی: "لە چەند هەفتەی داهاتوودا پێشکەوتن لە هەموو لایەکەوە دەبینن."
 
سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان سوپای راسپارد تاوەکو کۆتایی ساڵ پلانێک بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا دابنێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها تاوتوێی پێشنیازێکی ئەمریکای کردووە کە خشتەیەکی کاتی بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا لەخۆدەگرێت و واشنتن گوشار لە لوبنان دەکات بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیری لە پێشنیازە ئەمریکییەکە کردووە کە 11 ئامانجی تێدایە، لەوانە "دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی" ئاگربەست و بە قۆناخ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا چەکیان هەڵگرتووە، بە حیزبوڵڵاشەوە.
 
هەروەها پڕۆژەکە دیاریکردنی سنوورە وشکانییەکانی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل و سووریای دراوسێی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پرۆسەیەک بە بەشداریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوە.
 
"پرۆسەیەکی لوبنانی"
 
سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان رایگەیاند، عەون بە باراکی گوتووە ئەوەی پێویستە "پابەندبوونی لایەنەکانی دیکەیە بە نێوەڕۆکی" راگەیێندراوە هاوبەشەکە، "پشتیوانیی زیاتر بۆ سوپای لوبنان" و خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو ئاوەدانکردنەوە.
 
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، پێویستە واشنتن "بەرپرسیارێتیی خۆی لە گوشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی دوژمنکارییەکان جێبەجێ بکات"، هێزەکانی بکشێنێتەوە و زیندانییە لوبنانیەکان ئازاد بکات.
 
حیزبوڵڵا، کە تاکە لایەن بوو دوای شەڕی نێوخۆی لوبنان (1975-1990) چەکەکانی دانەنێت، لە شەڕی ساڵی رابردووی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوو.
 
رۆژی هەینی، نەعیم قاسم، سەرکردەی حیزبوڵڵا بەڵێنی دا دژی پلانەکانی چەککردن بوەستێتەوە و گوتی: "مقاوەمە چەکەکانی دانانێت تاوەکو داگیرکاری بەردەوام بێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.