تۆم باراک بۆ رووداو: سیستمی ناناوەندی لەم ناوچەیە بە کەڵک نایەت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لە دەوحە رایگەیاند، سیستمی ناناوەندی لە عێراق و ناوچەکە "شکستی هێناوە" و جەختی کردەوە کە دەبێت گەل و هۆزەکان خۆیان بڕیار لە شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیان بدەن.

رۆژی شەممە 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دەوحە عەلی سەرباز، نێردراوی رووداو، پرسیاری لەبارەی ئەگەری جێبەجێکردنی سیستمی ناناوەندی لە سووریادا لە تۆم باراک کرد.

لە وەڵامدا، باراک بە روونی رەخنەی لەو سیستمە گرت و گوتی، "ناناوەندی هەرگیز لە هیچ شوێنێکی ئەم ناوچەیەدا کاری نەکردووە."

باراک بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی، عێراقی وەک نموونەیەکی دیاری شکستی ئەو سیستمە هێنایەوە و گوتی، "ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە لە عێراق روویدا، دوای سێ تریلیۆن دۆلار و کوژرانی سەدان هەزار کەس، تووشی نائومێدی بووین. ئێستا ناناوەندیت هەیە کە بووەتە کێشەیەکی گەورە."

باراک گوتیشی، "دەبێت لەلایەن ناوچەکان و خەڵک و هۆز و کولتوورەکانەوە بڕیار لەسەر [شێوازی بەڕێوەبردن] بدرێت."

کاتێک رووداو پرسیاری لەبارەی بڕیاری عێراق کرد بۆ خستنە لیستی تیرۆر و دواتر سڕینەوەی ناوی حووسی و حیزبوڵڵا، باراک گوتی، "هیچ لێدوانێکم نییە، هەمووان هەوڵدەدەن شێوازێک بۆ لێبووردەیی لەگەڵ یەکدیدا بدۆزنەوە، ئەوە شتێکی ئاڵۆزە."

دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا:

رووداو: ئایا ناناوەندی وەک بژاردەیەک لە سووریا لەبەرچاو دەگرن؟

تۆم باراک: ئەمە بابەتێکە کە دەبێ چوار ساڵ بەسەر ببەین بۆ ئەوەی گەنگەشەی بکەین، وانییە؟ ناناوەندی هەرگیز لە هیچ شوێنێکی ئەم ناوچەیەدا کاری نەکردووە. ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە لە بەڵکان روویدا، دابەشمان کرد بۆ حەوت وڵاتی جیا و ئێستا شێواوە. ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە لە عێراق روویدا، دوای سێ تریلیۆن دۆلار و چەند سەد هەزار [لەدەستدانی] گیان، تووشی نائومێدی بووین، ئێستا ناناوەندیت هەیە کە بووەتە کێشەیەکی گەورە. ئەگەر سەیری سیستمی تائیفی لە لوبنان بکەیت، کاری نەکردووە. ئەگەر سەیری لیبیا بکەیت، هەمان شتمان کرد. بۆیە وەڵامی پرسیارەکە نازانم کە شێوازی راستەقینەی بەڕێوەبردن چییە، بەڵام دەبێت لەلایەن ناوچەکان و خەڵک و هۆز و کولتوورەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. دەبێت ئاوا بێت.

رووداو: دەمەوێ سەرنجی ئێوە لەسەر بڕیارەکەی ئەم دواییەی عێراق وەربگرم بۆ خستنە لیستی تیرۆری حووسی و حیزبوڵڵا و دواتر سڕینەوەی...

تۆم باراک: هیچ لێدوانێکم نییە. من بەڕاستی لە دەرەوەی دۆسیەی تایبەت بە بەرپرسیارێتییەکانم، دەستم نەخستووەتە هیچ شتێکەوە. هەموو ئەم شتانە پرس و دیالۆگی بەردەوامن، وانییە؟ هەمووان دەگەڕێن، هەوڵدەدەن شێوازێک بۆ لێبووردەیی لەگەڵ یەکدیدا بدۆزنەوە، ئەوە شتێکی ئاڵۆزە.

دەقی چەند پرسیارێکی دیکە و وەڵامەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا:

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا (لەبارەی ئاگربەست و ئاشتی غەززە): ئێمە تەنیا دەتوانین خزمەتگوزاری و تواناکانمان پێشکێش بەم پرۆسەیە بکەین، بێگومان هاوبەشمان هەیە و لایەنی دیکەی بەرژەوەندیداریش هەن کە دەبێت ئەوانیش بەشدار بن لە هەر شتێکدا کە روودەدات. بۆیە، ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی باشترینی خۆمان بۆ یارمەتیدانی سەرکەوتنی پلانی ئاشتی.

پرسیار: ئایا گەشبینیت؟ ئایا گەشبینیت سەبارەت بە قۆناخی دووەم کە بە هێزێکی سەقامگیریی نێودەوڵەتی بچێتە قۆناخی داهاتوو؟

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا: دەبێت گەشبین بین. دەبێت، چونکە نامەوێ تەنانەت بیر لە جێگرەوەش بکەمەوە، چونکە جێگرەوە، وەک بینیمان، جینۆساید و کوشتنی 70,000 ژن و منداڵە. بۆیە نامانەوێ ئەوە ببینین.

پرسیار: بەڵام پێتوایە بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات یان...؟

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا: پێموایە، هەمیشە مەترسییەک هەیە بۆ لادانی پرۆسەی ئاشتی لە رێڕۆکەی، بەڵام دەبێت گەشبین بین و دەبێت کار بکەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.

پرسیار: باسی ئاستەنگی ئێس400ـت کرد، دەکرێ لە ماوەی چوار بۆ شەش مانگدا تێپەڕێنرێ. دوێنێ لە دووبەی، ئەبوزەبی ئەوەت گوت. کەواتە لەسەر چ شتێک رێککەوتوون؟ تورکیا چی لە ئێس 400ـەکان دەکات؟ دەیانفرۆشێت یان دەیانگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە؟

تۆم باراک: با بگەڕێینەوە دواوە. شتە جوانەکەی پرسیارەکەت ئەوەیە کە 10 ساڵە هەمان پرسیارە. رێککەوتنی سیستمی S-400 لە ساڵی 2017 کەوتە کار و هەمووان ئەم دیالۆگەیان کردووە. ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ئەو دیدارە دووقۆڵییەی کە سەرۆک ترەمپ، لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغاندا کردی، ئەمە یەکێک بوو لەو بابەتانەی گفتوگۆی لەسەر دەکرا، کە گوتیان، "با چارەسەرێک بدۆزینەوە." کەواتە گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک. هێشتا هیچ چارەسەرێکی هەمیشەیی نییە، بەڵام وەک هەموو راستییەکانی دیکەی ئەم ناوچە زۆر سەختە، لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لەسەر هەر بابەتێک، پێموایە ئەمە لە ساڵی داهاتوودا چارەسەر دەکرێت.

پرسیار: سوپاس بەڕێز باڵیۆز، ئایا هەست دەکەیت نزیکبوونەوەی سەرۆک [ترەمپ] لە سووریا، بە پێشوازیکردن لە شەرع لە کۆشکی سپی، ئایا هەموو گوشارەکانی لەسەر سەرۆکی سووریا لابردووە کاتێک باس دێتە سەر مافی کەمینەکان، دڵنیابوونەوە لەوەی هێزەکانی پابەندییان هەیە، باش راهێنراون؟ ئەمریکا ئێستا چ کاریگەرییەکی لەسەر سووریا هەیە؟

تۆم باراک: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. وەڵامی پرسیارە دیاریکراوەکەت ئەوەیە کە کاریگەرییەکی زۆر گەورە زیاد دەکات. بە شێوەیەک کە سەرۆکەکەم، دەیەوێ کاریگەری زیاد بکات، واتە، ئەوە کێشەی ئەمریکا نییە. ئەوە کێشەی سووریا و ناوچەکەیە کە بڕیار بدەن دەیانەوێ ببنە چی. سووریا تاوەکو ساڵانی 1916، 1917 هەرگیز دەوڵەت نەبووە. پاشان بەریتانییەکان، فەرەنسییەکان و ئێمە هاتین و گوتمان: "ئۆو، ئێمە دەچین قەوارەیەکی نوێ دروست دەکەین، ئەویش دەوڵەتە لەسەر بنەمای نەتەوە." هێڵمان بە دەوری ئەو هۆز و ئاڵا و کولتوورانەدا کێشا کە بۆ یەکتر دانەنرابوون. بۆیە کاتێک سەیری ئەوە دەکەیت چۆن دەتوانیت کورد، دروز، عەلەوی، پێنج جۆری جیاوازی ئیسلام، شەش جۆری جیاوازی کریستیانێتی بە تەنیشت یەکەوە بژین، ئەوان دەتوانن بیکەن. دەبێت بڕیار بدەن چۆن دەیانەوێ بیکەن. کەواتە کاریگەرییەکە ئەوەیە، رێگە بدەیت ناوچەکە خۆی بڕیار بدات. پێموایە سەرۆک شەرع کارێکی باش دەکات. ئەمریکا تەنیا گوتوویەتی سزاکان هەڵدەگرین. دەمانەوێ سەرکەوتوو بن. پێویستمان پێیانە سەرکەوتوو بن. ئێمە هەوڵدەدەین پشتیوانیی هەموو ناوچەکە بکەین، هەمووان سەرکەوتوو بن، بەڵام ئەوە لەسەر خۆیانە.

پرسیار: مەبەستت چییە لەمە؟ ئامانج یان دیدگەی تۆ چییە؟ ئایا ئاماژە بە لاوازکردن یان هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتە نەتەوەییەکان دەکەیت؟

تۆم باراک: ئایا تۆ دەتەوێ جیهان مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتە نانەتەوەییەکاندا بکات؟ تۆ وەڵامی پرسیارەکە بدەرەوە. من وەڵامم نییە.

پرسیار: تۆ باڵیۆزیت. دەبێت وەڵامی بدەیتەوە. تۆ لێرەیت لە قەتەر، لە کۆڕبەندی دۆحە، چیت هەیە بڵێی؟

تۆم باراک: نایابە. هەبوونی شوێنێکی وا بەناوبانگ کە رێگە بە جیاوازی و دیالۆگ بدات کە هەموومان ئێستا دەیکەین، لەلایەن کەسانی وا ئاگادار و زیرەکەوە، هەموویان دەڵێن ئێمە چین... ئێمە چین... ئێمە هەوڵی چی دەدەین... ئێمە هەوڵی دۆزینەوەی دادپەروەری دەدەین. هەوڵی دۆزینەوەی رایەڵەیەکی نوێ دەدەین. دەزانین بۆ 100 ساڵی رابردوو، دەبێت جێگەی بگیرێتەوە. بەڵام ئەمە جۆرێکە لە تاقیگە بۆ دۆزینەوەی.

پرسیار: بەڕێز باڵیۆز، تەنیا پرسیارێک لەبارەی عێراقەوە. هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا کۆبوویتەوە. پەیامی سەرەکیت چی بوو؟ هەندێک عێراقی پێیانوایە ئەوە هۆشدارییەک بووە لەلایەن تۆوە.

تۆم باراک: من پێشتر گوتم، ناتوانیت باوەڕ بە هەموو شتێک بکەیت، هەرچەندە رێزێکی زۆرم بۆ میدیا هەیە، هەندێکجار شتەکان تێکەڵ دەبن. یەکەم، ئێمە لێدوان لەسەر گفتوگۆ تایبەتەکان نادەین کە لەنێوان حکومەتەکاندا دەیکەین. بەڵام ئەوە هەرگیز شتی وا نەبوو. من لەسەر داوای سەرۆکەکەم نێردرابووم بۆ ئەوەی بزانم، چی هەیە، چۆن دەتوانین یارمەتی بدەین؟ کێشەکان چین؟ ئایا یارمەتی دەدەین؟ ئایا زیان دەگەیەنین؟ چی بەردەستە؟ من بۆ گوێگرتن نێردرابووم. من گوێ دەگرم، رێزێکی زۆرمان بۆ سەرۆکوەزیران سوودانی هەیە. دۆخێکی زۆر قورس و ئاڵۆزە لە عێراقدا. ئێمە بۆ ماوەی 20 ساڵی رابردوو لە پێشکێشکردنی چارەسەردا سەرکەوتوو نەبووین، فەلسەفەی سەرۆک ترەمپیش لەمبارەیەوە هەمان شتە، کە کاتی ئەوە هاتووە ناوچەکە پشتیوانیی یەکدی بکات لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانەدا و ئێمەش خۆمان وەک رێگرێک لابەرین. بۆیە بەڕاستی تەنیا بۆ ئەوە بوو گوێ بگرم و بڵێم، سەرۆک ترەمپ حەز دەکات یارمەتی بدات، هەرچییەک بۆ عێراق باش بێت، ئێمە دەیکەین و من تەنیا گوێم گرت.

پرسیار: چۆن هەڵیدەسەنگێنیت؟ مەبەستم لە حکومەتی داهاتووی عێراقە؟

تۆم باراک: ئەوە کاری من نییە بیر لە حکومەتی عێراق بکەمەوە، وانییە؟ حکومەتی عێراق زۆر ئاڵۆزە. بەغدامان هەیە، هەولێرمان هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستانمان هەیە، حەشدی شەعبیمان هەیە، حکومەتی فیدراڵیمان هەیە. زۆر پارچەی ئاڵۆزت هەیە و میلیشیای ئێرانیت هەیە کە شوێنی خۆیان هەیە. بۆیە کاتێک پەرلەمان پێکدێت، کە پرۆسەی خۆیانە، ئەو پرۆسە هاوپەیمانێتییە رێڕۆی خۆی دەگرێتەبەر بەگوێرەی ئەوەی عێراقییەکان دەیانەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە