رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
چەند بارهەڵگرێک لە دەروازەی سنووری رەفەح لە دیوی میسرەوە وەستاون بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆییی بگەیێننە غەززە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو حەماس تەرمی هەموو بارمتەکان رادەست نەکاتەوە، دەروازەی رەفەح ناکرێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو فەرمانیکردووە دەروازەی رەفەح تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بە داخراوی بمێنێتەوە".
نووسینگەکە گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە لەسەر بنەمای ئەوە تاوتوێ دەکرێت، کە حەماس چۆن پابەندییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و تەرمی کۆچکردووان جێبەجێ دەکات و مەرجە رێککەوتن لەسەرکراوەکانی ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکات".
پێشتر، باڵیۆزخانەی فەلەستین لە قاهیرە رایگەیاندبوو، دەروازەی رەفەح لەنێوان غەززە و میسردا رۆژی دووشەممە دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگە بەو فەلەستینییانە بدرێت کە لە میسر دەژین بگەڕێنەوە غەززە.
رۆژی پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رایانگەیاند، کاتێک دەروازەکە دەکرێتەوە، تەنیا رێگە بە هاتووچۆی خەڵک دەدرێت، نەک تێپەڕبوونی هاوکاریی مرۆیی.
سوپای ئیسرائیل لە 7ی ئایاری ساڵی رابردوو، کۆنترۆڵی دیوی فەلەستینیی دەروازەی رەفەحی کرد و رایگەیاند، دەروازەکە "بۆ مەبەستی تیرۆریستی بەکارهێنراوە"، هەروەها گومانی بەهێزی خۆی دەربڕی کە بۆ بەقاچاخبردنی چەکیش بەکاردەهێنرێت.
دوای کۆنترۆڵکردنەکە، هەموو هاتووچۆیەک لە رێگەی دەروازەکەوە راگیرا، بە هاتووچۆی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە.
دەروازەکە بۆ ماوەیەکی کورت لە کاتی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کرایەوە کە لە 19ی کانوونی دووەمی 2025 چووە واری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ