رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانیان 150 ئامانجیان لە کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 28-10-2023، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ 150 "ئامانجی ژێر زەوی" لە باکووری کەرتی غەززە بۆردوومانکردووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجەکان بریتی بوون لە تونێل، "شوێنی شەڕ و پێکدادان لەژێر زەوی و ژێرخانی دیکەی ژێر زەوی".
سوپای ئیسرائیل باس لەوەش دەکات، هەر لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، ژمارەیەک چەکداری حەماس کوژراون، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەو بارەوە نەداوە.
شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بۆسەر كەرتی غەززە دەستپێکرد و بەشێکی ئەو ئۆپەراسیۆنەش بۆردوومانکردنی چڕی دەیان ئامانج بوو لە کەرتی غەززە.
بەشێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو لە ئەنجامدانی هێرشی زەوینی. سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشە زەوینییەکەیان بەراورد بە هێرشە زەوینییەکانی شەوانی رابردوو بەرفراوانتر بوون.
هەر شەوی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە، چەکدارەکانیان لە چەند بەرەیەکەوە رووبەڕووی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە.
شەڕی ئەمجارەی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل رۆژی 7ی ئەم مانگە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەو رۆژە چەکدارانی حەماس هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل و دوای ئەوەش حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری شەڕی دژی چەکدارانی حەماس دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ