رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی داوا لە حکومەتەکانی جیهان دەکات رێوشوێنی زیاتر بۆ سزادانی ئیسرائیل بگرنەبەر، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا رایگەیاند، بەندەرەکان و ئاسمانی خۆی بەڕووی کەشتی و فڕۆکە ئیسرائیلییەکان داخستووە.
ئەمڕۆ هەینی، بزووتنەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێمە داوا لە تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و گەلە ئازادەکانی جیهان دەکەین، رێوشوێنی سزادەرانە بەرامبەر [ئیسرائیل] تووندتر بکەن." دوای بڕیارەکەی تورکیاش، داواش لە وڵاتان کردووە بە هەمان شێوە سزا بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنن.
هەروەها حەماس داوای لە وڵاتان کرد، "هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن و کار بۆ گۆشەگیرکردنی بکەن، بۆئەوەی ناچاری بکەن جینۆساید و وێرانکاریی غەززە رابگرێت."
لە کاردانەوەی سزاکانی تورکیا بەسەر ئیسرائیلدا، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل وێنەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە، "تورکیا یەکسانە بە حەماس."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەنقەرە ئاسمان و بەندەرەکانی خۆی بەڕووی کەشتی و فڕۆکەکانی ئیسرائیل داخستووە.
فیدان لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە پەرلەمانتارانی راگەیاند، "ئێمە بەندەرەکانمان بەڕووی کەشتییە ئیسرائیلییەکاندا داخستووە. رێگە نادەین کەشتییەکانی تورکیاش بچنە بەندەرەکانی ئیسرائیل. رێگە نادەین ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە، بێنە نێو بەندەرەکانمان و رێگەش نادەین فڕۆکەکانیان ئاسمانمان بەکاربهێنن."
سەبارەت بە لێدوانەکانی وەزیرەکە، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی تورکیا رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەکەی "بەڕووی هەموو ئەو فڕۆکانەی چەک بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە و گەشتە فەرمییەکانی ئیسرائیل داخراوە."
تاوەکو ئێستا روون نییە کەی ئەو کۆتوبەندە ئاسمانییە جێبەجێ کراوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا تورکیا رەتیکردەوە رێگە بدات فڕۆکەی سەرۆکی ئیسرائیل بە ئاسمانەکەیدا تێپەڕێ، ئەوەش ناچاری کرد سەردانە پلان بۆ داڕێژراوەکەی بۆ کۆنفرانسی کەشوهەوای COP29 لە ئازەربایجان هەڵبوەشێنێتەوە.
لە مانگی ئایاریشدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانێکی بۆ باکوو هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی راگەیێندرا ئەنقەرە رێگەی بە تێپەڕبوونی فڕۆکەکەی بە ئاسمانیدا نەداوە.
تورکیا یەکێک بووە لە سەرسەختترین رەخنەگرانی دژی ئیسرائیل لەسەر جەنگی غەززە و تۆمەتباری کردووە بە ئەنجامدانی "جینۆساید" لەو ناوچە بچووکەی فەلەستین کە ئیسرائیل بە تووندی ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
ئایاری پار، ئەنقەرە رایگەیاند، تاوەکو ئیسرائیل رێگە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە نەدات، هەموو بازرگانییەکی لەگەڵ رادەگرێ.
رۆژی دووشەممە، ZIM کە گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی ئیسرائیلە رایگەیاند، ئاگادارکراوەتەوە کە بەپێی رێنماییە نوێیەکانی ئەنقەرە کە لە 22ی ئاب دەرکراون "هەر کەشتییەک کە خاوەندارێتی، بەڕێوەبردن یان کارپێکردنی پەیوەندی بە دامەزراوەیەکی ئیسرائیلییەوە هەبێت، رێگەیان پێنادرێ لە بەندەرەکانی تورکیا لەنگەر بگرێ".
هەروەها قەدەخەکە کەشتییەکانی دیکەش دەگرێتەوە کە باری سەربازییان بۆ ئیسرائیل پێیە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "بە شێوەیەکی جیا، ئەو کەشتیانەی باری سەربازییان بۆ ئیسرائیل پێیە، رێگەیان پێنادرێ لە بەندەرەکانی تورکیا لەنگەر بگرن؛ جگە لەوەش، ئەو کەشتییانەی ئاڵای تورکیایان هەڵگرتووە، قەدەخەیە لە بەندەرەکانی ئیسرائیل بوەستن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ