ئێران سەرکۆنەی لێدوانەکانی ئەمریکا دەکات؛ "هاندانە بۆ تووندوتیژی و تیرۆر"

29 خولەک له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانەکانی سەرۆک و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا لەبارەی دۆخی وڵاتەکەی بە "دەستوەردان" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، هەر ناسەقامگیرییەک کە بەهۆی ئەم دۆخەوە رووبدات لە ئەستۆی ئەمریکا دەبێت.

رۆژی هەینی 2ی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ و بەشێکی دیکە لە بەرپرسانی واشنتنی کرد و رایگەیاند، "ئەم جۆرە هەڵوێستە نابەرپرسانە درێژەی هەمان رەفتاری زۆردارانە و نایاسایی ئەمریکایە بەرامبەر گەلی ئێران، کە نەک تەنیا پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانییە، بەڵکو هاندانە بۆ تووندوتیژی و تیرۆر دژی هاووڵاتییانی ئێران."

لە راگەیێندراوەکەدا، تاران لیستی "دەستوەردانە مێژووییەکانی" ئەمریکای باسکردووە و دەڵێ، بانگەشەی دڵسۆزیی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ گەلی ئێران "دووڕووییە." وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەند رووداوێکی وەک نموونەی "دووژمنایەتی" هێناوەتەوە، لەوانە، "کودەتای 1953، پشتیوانیکردنی رژێمی سەدام لە جەنگی هەشت ساڵەی دژی ئێران، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئێرانی لە ساڵی 1988 و سەپاندنی سزای ئابووریی چەند دەیەی رابردوو."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئێران داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە کردووە کە بە ئەرکی خۆیان هەستن لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەوەی ناوی ناوە "تاکلایەنخوازیی شەڕەنگێزانەی ئەمریکا."

تاران هۆشداریی دەدات و دەڵێت، "لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتە گرژیئامێزەکانی رژێمی زایۆنییە لە ناوچەکەدا" و دەڵێت، "بەرپرسیارێتیی هەر ناسەقامگیرییەک کە بەهۆی ئەم دۆخەوە رووبدات، بە تەواوی لە ئەستۆی رژێمی ئەمریکا دەبێت."

ئەم گوتەیە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد و گوتی، "ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی تووندوتیژ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێ، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێ. ئێمە چەکبەدەست و ئامادەین بۆ جووڵە."

لە گۆڕەپانی رووداوەکاندا، دۆخەکە گرژیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران (وەک فارس نیوز) کوژرانی شەش کەسیان لە پێکدادانەکانی ئەم هەفتەیەدا راگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە خۆپێشاندانەکەی ئێران، یەکێکیان بەردی بەدەستەوەیە و لە پۆلیسی دەگرێت. وێنە: UGC / AFP

دادی لوڕستان دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک خۆپێشاندەر پشتڕاست دەکاتەوە

بەڕێوەبەری دادی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە شارەکانی ئەزنا و دڵفان ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتی پشێوی نانەوە دەستبەسەر کردووە.