رووداو-هەولێر
فەرماندەی ئەرتەشی ئێران وەڵامی هەڕەشەکەی ترەمپ دەداتەوە کە گوتبووی 52 شوێنی ئێران دەکەنە ئامانج و دەڵیت، ئەگەر بوێری هێرشت هەبێت ئەوکات نیشانت دەدەین ژمارەکانی 5 و2 لەکوێ دەکرێنە ئامانج.
عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی گشتی ئەرتەشی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڕەشەکەی ترەمپ کە گوتبووی لە ئەگەری کاردانەوەی ئێران و هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا 52 شوێنی ئێران دەکەنە ئامانج گوتی: "ئەو قسانەی ئەوان بۆ بەلاڕێدا بردنی رای گشتی جیهانە، کردەوەکەی ئەوان بۆ شەهیدکردنی شەهید سولەیمانی کردەوەیەکی زۆر ناشرین و قبوڵنەکراوە لە جیهاندا، ئەو قسانە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی خۆیان پەردەپۆش بکەن. بەڵام لە ئەگەری پێکدادانێک لە داهاتوو کە بەدووری دەزانم بوێری ئەوەیان هەبێت، ئەو کاتە بۆیان دەردەکەوێت ئەو ژمارانەی 5 و 2 سەر بەکوێ دەبن".
بەرەبەیانی 3-1-2020 لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران و 4 ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی و چوار ئەندامی دیکەی حەشدی شەعبی لەگەڵ زاوایەکی عیماد موغنییە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و کوژران.
لەدوای رووداوەکە بەرپرسانی سەربازی و حکومەتیی ئێران رۆژانە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا دەکەن بۆیە شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی: "ئێران چەندین ساڵە لە کێشە زیاتر هیچی دی نەبووە. با ئەمە ئاگادارکردنەوەیەک بێت کە ئەگەر ئێران هیرشبکاتە سەر ئەمریکییەکان یاخود بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئێمە 52 پێگەمان لە ئێران دیاریکردوون بیانکەینە ئامانج، (گوزارشت لەو 52 بارمتە ئەمریکییە دەکەن ئێران چەند ساڵێک لەمەوبەر گرتبوونی) هەندێک لەو پێگانە لە ئاستی باڵا و گرنگن بۆ ئێران . زۆر بەخێرایی و بە تووندی لە کولتووری ئێرانی و ئەم شوێنانە و خوودی ئێران دەدەین. ئەمریکا نایەوێت چیدیکە هەڕەشە ببینێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ