وەزیری دەرەوەی ئێران: ئامادەیی مەرجداری ئێران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان هەڵوەشایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت؛ ئامادەیی مەرجداری ئێران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەهۆی هەڵە تێگەیشتنی ترەمپەوە هەڵوەشایەوە.
 
رۆژی شەممە، 7ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:" مەسعود پزیشکیان، ئامادەیی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە راگەیاندبوو، بەو مەرجەی ئاسمان و خاک و ئاوی دراوسێکانمان بۆ هێرشکردنە سەر گەلی ئێران بەکارنەهێنرێت؛ بەڵام هەڵویستە یەکسەر لەنێوچوو بەهۆی تێڕوانینی هەڵەی ترەمپ بۆ توانا و ئیرادە و مەبەستەکانمان."
 
عێراقچی دەڵێت  ئەگەر بەڕێز ترەمپ هەوڵی زیادبوونی گرژییەکان بدات، ئەوا بەتەواوی بەدوای ئەو شتەدا دەگەڕێت کە هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان لە مێژە ئامادەکارییان بۆ کردووە و وەڵامەکەی دەستدەکەوێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: "بەرپرسیارێتی هەر پەرەسەندنێک لە کردەوەکانی ئێران بۆ بەرگری کردن لە خۆی راستەوخۆ لە ئەستۆی حکومەتی ئەمریکا دەبێت."
 
عێراقچی گوتیشی:" نێردراوانی بەڕێز ترەمپم ئاگادار کردبووەوە شەڕ پێگەی موزایەدەی ئەوان باشتر ناکات، ئایا ئەم هۆشدارییانەتان پێگەیشتووە؟"
 
عێراقچی رایگەیاند، بە هۆی سەرکێشییەکانی ترەمپەوە، 100 ملیار دۆلاری بۆ سوپای ئەمریکا خەرج کردووە، ئەمە جگە سەبازە گەنجەکانی ئەمریکا کە گیانیان لە دەستداوە، ئەم تێچوونە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیاد دەکات لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان و لە کۆتاییدا دووکەلکەی دەچێتەوە چاوی خەڵکی  ئاسایی ئەمریکا."
 
 بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران،ئەنجوومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی ئیدارەی ترەمپ کە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی 18 دەزگەی هەواڵگری ئەمریکایە، گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە شەڕ دژی ئێران تەنیا بە شکست کۆتایی دێت."
 
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سێ کەسییە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە 28ی شوبات، داوای لێبووردنی لە وڵاتانی دراوسێ کرد بەهۆی هێرشەکانەوە.
 
پزیشکیان گوتی: "دەبێت بەناوی خۆمەوە داوای لێبووردن لە وڵاتانی دراوسێ بکەم کە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج. پێموایە دەبێت ئەمە بە دیپلۆماسی چارەسەر بکەین."
 
بەڵام رەتی کردەوە ملکەچی داواکارییەکەی ترەمپ بن بۆ "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج" و گوتی: "ئەوە خەونێکە دەبێت بیبەنە نێو گۆڕ."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە