رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا دەستپێکردنی شەپۆلی 26ی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیانەی 4"ـی راگەیاند و دەڵێت، لە باکوور تاوەکو باشووری ئیسرائیل و بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.
شەممە 8-3-2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "شەپۆلی 26ی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆیانەی 4 بە کۆدی یا حەیدەر کەرار دەستیپێکرد، کە تێیدا ئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵاوی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر چەندین ئامانج لە باکوور تاوەکو باشووری خاکە داگیرکراوەکان ئەنجامدراوە."
بەپێی گوتەی بەرپرسە سەربازییەکەی ئێران، لە هێرشەکەدا مووشەکەکانی جۆری (خەیبەرشکن، عیماد و قەدر) بەکارهێنراون کە کڵاوەی بارانییان هەڵگرتبوو. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی لەنێوبردنی پێشوەختەی سیستەمە رادارییەکانی ئیسرائیل، مووشەکەکان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، گوتەبێژەکە باسی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کرد و گوتی: "لە وەڵامی دەستدرێژیی تیرۆریستە ئەمریکییەکان لە بنکەی جەفیرەوە بۆ سەر وێستگەی شیرینکردنی ئاوی قشم، سوپای پاسداران دەستبەجێ ئەو بنکە ئەمریکییەی بە مووشەکی وردبینی سووتەمەنیی رەق کردە ئامانج."
هاوکات، هێزە زەمینییەکانی سوپای ئێران رایانگەیاندووە کە بە درۆنی خۆتەقێن چەند ناوەندێکی سەربازییان لەنێو جەرگەی تەلئەبیب و حەیفا پێکاوە. گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا جەختیشی کردەوە کە "هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر دوژمنی ئەمریکی - زایۆنیبەردەوام دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ