رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نیشتمانیی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند، کۆگاکانی نەوتیان لە تاران و ئەلبورز کراونەتە ئامانج، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە دابەشکردنی سووتەمەنی بەردەوام دەبێت.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی شەممە، لە ئەنجامی ئەوەی بە "هێرشی دوژمنی زایۆنی-ئەمریکی" ناوی بردووە بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکە، ژمارەیەک لە کۆگاکانی نەوت لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکە، ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکانن و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەن، کە بەهۆی هێرشەکانەوە کەوتوونەتەوە.
لەبارەی ئەگەری دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی، کۆمپانیای نیشتمانیی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەڵێت: "پێشتر رێوشوێنی پێویست بۆ کەمترین ئاستی کۆگاکردنی بەرهەمەکان گیرابووەبەر."
هەروەها دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ئەو دوو پارێزگایە و رایدەگەیێنێت: "ئێستا دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز بەشێوەیەکی ئاسایی و بەردەوام لە سەرچاوەکانی دیکەوە لە جێبەجێکردندایە و پچڕانی تێدا نییە."
لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات، لە دوێنێوە ئیسرائیل دەستیکردووە بە بە ئامانجکردنی ژێرخانی ئابووریی ئێران، چەند ویستگەی سووتەمەنی و فڕۆکەخانەی میهرئابادی بۆردوومان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ