رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمیی باران و کەمبوونەوەی ئاوی ئەو بەنداوانەی ئاوی تارانی پایتەختی ئێرانیان لێ دابین دەکرێ، بڕینی ئاوی ماڵان لەو شارە دەستیپێکردووە و وەزیری وزەی وڵاتەکە دەڵێ، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی قەیرانی کەمئاوییە لە پایتەختی ئەو وڵاتە.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، چەند شەوە لە کاژێر 08:00ـی ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 06:00ـی بەیانی ئاوی بەشێک لە گەڕەکەکانی تاران بۆ ماوەی چەند کاژێر دەبڕێ. لە هەندێک گەڕەکیش لە کاژێر 12:00ـی نیوەشەو تاوەکو کاژێر 05:00ـی بەیانی ئاو دەبڕێ.
بڕینی ئاو لە شەودا بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بووە و رۆژنامەی زانکۆی شەریفی تاران رۆژی یەکشەممە 09-11-2025 بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ئاوی بەشەناوخۆییەکانی ئەو زانکۆیە بڕاوە و کۆگەی ئاوی بەشەناوخۆییەکانیش تەواو بووە، بۆیە خوێندکارانی زانکۆکە تاوەکو بەیانی ئاویان نەبووە.
هیچکات رووی نەداوە تاران لەم کاتانەی ساڵدا بەو شێوەیە کێشەی کەمیی ئاوی هەبێ و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، تووشی قەیرانێکی بێ وێنە بوون.
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران بە میدیای فەرمیی ئەو وڵاتەی راگەیاند، بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئاو کۆنترۆڵ بکەن، ناچاربوون پاڵەپەستۆی ئاو کەم بکەنەوە و لە هەندێک کاتی شەودا، رێژەی پاڵەپەستۆی ئاو بۆ سفر دابەزێنن کە بە واتای ئەوەیە هیچ بڕە ئاوێک ناگاتە ماڵان.
سەرچاوەی ئاوی تاران بەشی پێداویستییەکانی ناکات
ساڵی ئاوی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای پاییزەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی بەهار. لە درێژخایەندا تاوەکو ئەم کاتانەی ساڵ، لە تاران 20 بۆ 30 میلیمەتر باران باریوە، بەڵام ئەم ساڵ بە گوتەی موحسین ئەردەکانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی تاران، بۆ شەشەمین ساڵی لەدوای یەک لەو پارێزگایە وشکەساڵییە و لە سەرەتای پاییزەوە یەک دڵۆپ بارانیش لە تاران و دەوروبەری نەباریوە.
عیسا بزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێرانیش دەڵێت، ئەو بڕە ئاوەی لەنێو بەنداوەکانی دەوروبەری تاران دایە، بەشی دابینکردنی ئاوی ماڵانی شارەکە لە چەند مانگی داهاتوودا ناکات، بۆیە ناچارن رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و لانیکەم بەکارهێنان 10٪ کەم بکەنەوە.
بە گوتەی گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران، ئێستا لە پارێزگای تاران لە هەر چرکەیەکەدا 33.5 مەتری سێجا ئاو بەکاردەهێندرێ کە 16٪ مەتری سێجا لە ژێر زەوی و 17.5٪ـی لە لە بەنداوەکانی تاڵەقان، لەتیان، ماملوو، لار و ئەمیر کەبیر دابین دەکرێ و بە گشتی لە هەر چرکەیەدا 3 مەتری سێجا کەمیی ئاویان هەیە و دەبێ بە کەمکردنەوەی بەکارهێنان، قەرەبووی ئەو کورتهێنانە بکەنەوە.
کەشناسیی ئێران پێشبینی کردووە لە نێوەڕاستی پاییزەوە دۆخی بارین لەو وڵاتە باشتر بێ و لە زستانیشدا رێژەی بارین ئاسایی بێ، بەڵام دامەزراوەی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی ئاوی ئێران رایگەیاندووە، ئەگەر بڕی بارین بگاتە ئاستی پاریش کە 152 میلیمەتر بووە، دیسانیش 40٪ کەمترە لە ماوەی درێژخایەن و کێشەی وشکەساڵی لەو وڵاتە چارەسەر ناکات.
تاران چۆڵ دەکرێ؟
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی 06-11-2025 لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری سنە رایگەیاند: "ئەگەر باران نەبارێ لە مانگی سەرماوەز (دوایین مانگی پاییز) ناچار دەبن ئاو لە تاران بکەنە نۆرە و ئەگەر هەروا باران نەبارێت، دەکرێ تاران چۆڵ بکرێت".
ئەو قسانەی پزیشکیان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە ئێران و وەک هۆشدارێکی جیدی لێک درایەوە.
عەلی بەیتوڵڵاهی، پسپۆڕی بواری قەیران و بەڕێوەبەری بەشی مەترسییەکان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، پێدەچێ قسەکانی سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی چۆڵکردنی تاران تەنیا هۆشدارێکی جیدی بن بۆ پێویستیی دەستگرتن بە بەکارهێنانی ئاو، چونکە بە کردەوە جێبەجێ نابێ کە شارێک کە 10 بۆ 15 ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە، چۆڵ بکرێت.
عەلی بەیتوڵڵاهی دەڵێت، هیچ شوێنێکیش نییە هەموو یان بەشێکی خەڵکی تارانی بۆ بگوازرێتەوە، چونکە لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش قەیرانی کەمئاوی هەیە و ئەگەر خەڵکی تاران ببردرێنە پارێزگاکانی دیکە، کێشەی کەمئاوی لەو پارێزگایانە زیاتر دەبێت.
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران، تاوەکو نێوەڕاستی پاییزی ئەم ساڵ لە کۆی 31 پارێزگای ئێران لە 19 پارێزگا بەهۆی نەبارینی باران، وشکەساڵییە و هیچکات دۆخی ئێران لەرووی بارینی باران لە پاییزدا وەکو ئەم ساڵ خراپ نەبووە.
رێگەچارە چییە؟
حکومەتی ئێران دەڵێ، تەنیا رێگەچارەی تێپەڕاندنی قەیرانی کەمئاوی لە تاران ئەوەیە کە خەڵک دەست بە بەکارهێنانی ئاوەوە بگرن و کەمتر بەکاری بهێنن، بەڵام محەممەدڕەزا فەرزانە، ئەندامی دەستەی زانستیی ژینگە و گەشەسەندنی ئێران دەڵێت، ئەو کێشەیە تەنیا بە خەڵک چارەسەر نابێت.
بە گوتەی فەرزەندە، ئاو تەنیا سەرچاوەیەکی ژیان نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیستمی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی وڵاتەکە و کۆنترۆڵکردنی پێویستی بە هاوکاری هەموو دامەزراوەکانە لە ئاستی جیاواز و دەبێ روانگەیەکی زانستی زاڵ بێت بەسەر هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنیدا.
ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، سیاسەتی درێژخایەن و کورتخایەن بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و لە کورتخایەندا سیستمی دابەشکردنی ئاوی شاری چاکبکرێ، چونکە بەشێکی زۆری ئاوی ئەو وڵاتە بەهۆی کۆنبوونی سیستمی دابەشکردن، بەفیڕۆ دەچێت؛ هەروەها پێشنیاز دەکات بۆ ئاودانی سەوزاییەکان و کاروباری دیکە لە ئاوی پاڵێوراوی ئاوەڕۆکان سوود وەربگیرێ، نەوەک سەرچاوەکانی ئاوی ماڵان و ئاوی هاوشێوە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و یەکە پیشەسازییەکان دابین بکرێت
ئەو ئەندامەی دەستەی زانستیی توێژینگەی ژینگە و گەشەسەندنی ئێران پێشنیاز دەکات، ئامێری کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە ماڵان و شوێنە گشتییەکان دابنرێ و بەکارهێنانی ئاو بۆ کاروباری ناپێویست سنووردار بکرێت.
هەروەها عەلی بەیتوڵڵاهی، پسپۆڕی بواری قەیران و بەڕێوەبەری بەشی مەترسییەکان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێرانیش پێشنیاز دەکات، وەک رێکارێکی خێرا سەرەتا بیرەکانی دەوروبەری تاران کە ئێستا بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێندرێن، بە تۆڕی دابینکردنی ئاوی شاری تاران ببەسترێنەوە و چاندنی ئەو بەرهەمانەی ئاویان پێویستە زۆر سنووردار بکرێ؛ هەروەها دەڵێت، نابێ بۆ کەم بەکارهێنانی ئاو تەنیا روو لە خەڵکی ئاسایی بکرێ، بەڵکو دەبێ بەکارهێنانی ئاو لە کارگە و کارخانەکان، یەکە پیشەسازییەکان و کەرتی کشتوکاڵ زۆر کەم بکرێتەوە.
وەزیری وزەی ئێران رایگەیاندووە، بە کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی ئاو رێژەی بەکارهێنان و بەفیڕۆچوونی ئاو کەمدەکەنەوە و هەروەها داواش لە خەڵک دەکات، کۆگەی ئاو لە ماڵەکانیان دابنێن و بەشی پێداویستییەکانی شەوانەیان ئاو رابگرن تاوەکو لە کاتی بڕانی ئاودا، تووشی کێشە نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ