رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لێدوانی دوناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران، باڵیۆزی سویسرا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا و ناڕەزایەتیی تووندی تارانی پێی راگەیێندرا.
رۆژی چوارشەممە، 18ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دوای لێدوانە تووند و نابەرپرسانەکانی ترەمپ، باڵیۆزی سویسرا وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراوە و ناڕەزایەتیی تووندی تارانی پێی راگەیێندرا."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "بە باڵیۆزی سویسرامان راگەیاندووە پێویستە دەستبەجێ ناڕەزایەتیی تووندی وڵاتەکەمان بە واشنتن بگەیێنێت و ئەویش بەڵێنی داوە بە زووترین کات ئەو کارە بکات."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "هەڕەشەکانی ترەمپ، پێچەوانەی پرەنسیپ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و نیشانەیەکی ئاشکرای بەردەوامی هاوبەشی واشنتنە لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکانی ئیسرائیل دژ بە ئێران."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی کە سەرۆکی ئەمریکا دروستی دەکات راستەوخۆ ئامانجی کۆشکی سپییە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، "مۆڵەتێکیان" بۆ ئێران داناوە و بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە "بەردەوام بێت" لە هێرشەکانی. لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران گوتی: "رەنگە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بدەین، رەنگە [هێرشەکە] نەکەم."
ترەمپ هەروەها ئێرانی بە "بێ توانا" و بێ بەرگریی ئاسمانی وەسف کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت تاران خۆی رادەست بکات و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە و راستەوخۆ رۆڵی ئەمریکا لەم ململانێیەدا ئاشکرا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ