رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی بی بی سی راگەیاندووە، بەشداریکردنی ئەمریکا لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا "دۆزەخێک بۆ تەواوی ناوچەکە" دروست دەکات.
سەعید خەتیبزادە لەبارەی بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگەکە دەڵێت، ئەمە "شەڕی ئەمریکا نییە" و ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستوەردان بکات، هەمیشە وەکو سەرۆکێک دەمێنێتەوە کە " چووەتە ناو شەڕێکەوە کە هی ئەو نییە".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستوەردانی ئەمریکا ململانێکە دەگۆڕێت بۆ "زەلکاوێک"، دەبێتە هۆی بەردەوامیی دەستدرێژی و کۆتاییهێنان بە "تاوانە دڕندانەکان" دوادەخات.
گوتەکانی ئەو بەرپرسە ئێرانییە دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە، نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە باشووری ئیسرائیل لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا کرایە ئامانج. میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە هێرشەکە بنکەیەکی سەربازیی تەنیشت نەخۆشخانەکەی کردووەتە ئامانج، نەک خودی نەخۆشخانەکە.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکەدا بۆ سەر ناوەندی پزیشکیی سۆرۆکا 71 کەس بریندار بوون.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، لەوانەش کارگەی ئاوی قورسی "ناچالاکی" ئەراک و دامەزراوەی نەتەنز.
رۆژی پێنجشەممە، کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیار دەدات کە ئایا ئەمریکا راستەوخۆ بەشداری لە ململانێکەدا دەکات یاخود نا.
خەتیبزادە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "بێگومان، دیپلۆماسی بژاردەی یەکەمە"، بەڵام گوتی، لە کاتێکدا بۆردوومان بەردەوام بێت، ناتوانین دەست بە هیچ دانوستاندنێک بکەین".
ئەو جێگرەی وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین جار هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل بە "بەرگری لەخۆکردن بە گوێرەی ماددەی 51ـت پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناوبرد و گوتی "ئێمە لە ناوەڕاستی دیپلۆماسیدا بووین" کاتێک لە 13ی حوزەیران، هێرش کرایە سەرمان.
خەتیبزادە هێرشەکانی ئیسرائیلی بە "بێ پاساو" و "ناپێویست" ناوبرد.
لە وەڵامی لێدوانە "دووبارەکانی ترەمپ"دا کە "گوتبووی دەکرا رێگری لە ململانێکە بکرێت ئەگەر ئێران رێککەوتنی ئەتۆمی قبووڵ بکردایە"، خەتیبزادە گوتی، ئەوان خەریکی دانوستاندن بوون تاوەکو ئیسرائیل بە دەستپێکردنی هێرشەکان گفتوگۆکانی تێکدا.
خەتیبزادە دەشڵێت، "ئێمە پلانی ئەوەمان هەبوو گەڕی شەشەمی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لە مەسقەت ئەنجام بدەین، و لە راستیدا لەسەر لێواری گەیشتن بە رێککەوتن بووین. سەرۆک ترەمپ لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە ئێمە لەسەر لێواری گەیشتن بە رێککەوتن بووین."
هەروەها رەخنەی لە پۆست و چاوپێکەوتنە "ئاڵۆز و دژبەیەکەکانی" ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرت، کە بە گوتەی ئەو نیشانەی ئەوە بوون "ئەمریکییەکان ئاگادار بوون و بەشدارییان کردووە" لە هێرشەکانی سەر ئێران.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە رۆژی هەینییەوە چەندین جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
بە گوێرەی سێ دیپلۆماتکار کە قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە و ناویان ئاشکرا نەکراوە، عێراقچی گوتوویەتی، تاران ناگەڕێتەوە بۆ دانوستاندنەکان، تاوەکو ئیسرائیل هێرشەکانی رانەگرێت.
لەبارەی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، خەتیبزادە گوتی، "ئەمە قسەی بێمانایە." "ناتوانیت لەسەر بنەمای گومان یان نیاز شەڕ دەستپێبکەیت. ئەگەر بمانویستایە بۆمبی ئەتۆمیمان هەبێت، زۆر لەمە پێشتر دەمانبوو. ئێران هەرگیز هیچ بەرنامەیەکی بۆ بەچەککردنی چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکان پەرە پێنەداوە."
خەتیبزادە هەروەها باسی لە دروستکردنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان کرد و گوتی، "ئەوەی لە ئەورووپییەکان دەیبیستین ئەوەیە کە دەیانەوێت لەسەر ئاستی وەزارەتی بگەڕێنەوە بۆ دیپلۆماسی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ