رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای پارێزگای ئەسفەهان وردەکاریی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، یەکێک لە ئامانجەکان بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان بووە، بەڵام رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بووەتەوە. دەشڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و مەترسیی دزەکردنی ماددەی ئەتۆمی نییە.
جێگری پارێزگاری ئەسفەهان بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە، 21-06-2025) ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر هەندێک ناوچە لە سنووری شارۆچکەکانی لنجان، موبارەکە، شەهرەزا و خودی شاری ئەسفەهان.
تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی هاوکات قەبارەی زیانە مادییەکان لەلایەن لایەنە فەرمییەکانەوە بۆ ئەو هێرشە رانەگەیێندراوە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەشدا کە بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشەکان بووە، بەڵام بەرگریی ئاسمانی چالاککراوە و بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە. روونیشیکردەوە، زۆربەی دەنگی تەقینەوەکان کە بیستراون، پەیوەندییان بە چالاکبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە هەبووە و "بەشێکیشیان هی دەستدرێژیی دووژمن بوون."
شەوی رابردوو ئێرانیش بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ئیسرائیل و لە تەل ئەڤیڤ یەکێک لە مووشەکەکانی لە سیستمی بەرگری دەرچوو و زیانی خستەوە.
جێگری پارێزگاری ئەسفەهان دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییانیان کە "هیچ جۆرە دزەکردنێکی ماددەی مەترسیدار لە ناوچەکەدا رووینەداوە و جێگەی هیچ نیگەرانییەک نییە." هەروەها داوای لە خەڵک کردووە بۆ یارمەتیدانی تیمەکانی فریاگوزاری و بەڕێوەبردنی قەیران، لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکان کۆنەبنەوە.
پارێزگای ئەسفەهان گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی بۆ ئێران هەیە، چونکە جگە لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز کە بەشێکی گرنگی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەتی، چەندین بنکەی سەربازی و فڕۆکەخانەی گرنگی هێزی ئاسمانیی ئێرانیشی تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ