وەزارەتی تەندروستیی ئێران: 430 شەهید و زیاتر لە 3500 بریندارمان هەن

21-06-2025
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، "430 شەهید و زیاتر لە 3500 برینداری سڤیل تۆمار کراون."
 
محممەد رەزا زەرەفقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هێرشی کردووەتە سەر سێ نەخۆشخانە و شەش ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بەهۆیەوە دوو پزیشکی ئێرانی کوژراون.
 
وەزیری تەندروستیی ئێران هەروەها رایگەیاند، دوو کەس لە ئەندامانی تیمی تەندروستیی نیشتمانی (پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی ژنان و پسپۆڕێکی منداڵان لەگەڵ منداڵەکەیدا) کوژراون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی 20ی حوزەیرانی 2025 بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، نەخۆشخانەیەکی دیکە لە تاران کراوەتە ئامانجی مووشەکیی ئیسرائیل و گوتیشی، لە ماوەی حەوت رۆژدا ئیسرائیل زیاتر لە شەش جار رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 12:45 خولەکی بەرەبەیانی 20ی حوزەیرانی 2025، نەخۆشخانەیەکی دیکەی تاران کرایە ئامانجی مووشەکیی ئیسرائیل.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە سێیەمین نەخۆشخانەی ئێرانە کە هێرشی دەکرێتە سەر."
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، هەروەها تاوەکو ئێستا 6 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بە رێژەی سەد لە سەد زیانیان بەرکەوتووە و بەتەواوی لەکارکەوتوون، ناوەندێکی گشتگیری خزمەتگوزاریی تەندروستی رووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل بوونەتەوە، 14 کارمەندی تەندروستیش بریندار بوون و دوو کەسیش کوژراون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025 ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج نەخۆشخانەیەک بوو. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، لانیکەم 70 کەس لە هێرشەکەدا برینداربوون. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە