لە تاران بۆ جاری سێیەم پشوو درێژ کرایەوە

23-06-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری تاران دەڵێت، تاوەکو رۆژی چوارشەممە لە دامودەزگا حکومییەکانی تاران پشووە.
 
رۆژی دووشەممە، 23ی حوزەیرانی 2025، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، "تاوەکو چوارشەممە، 25 حوزەیران، لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت، دامەزراوە پەروەردەییەکان، قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگاکە پشووە."
 
محەممەد سادق موعتەمیدیان ئاماژەی بەوەشکرد،" هەموو ئەو ژنانەی کە کاری حکومی دەکەن و منداڵی ژێر 6 ساڵیان هەیە دەتوانن لە ماڵەوە بمێنەوە."
 
"٪50 بانکەکان کارا دەبن و پشووەکە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و نەخۆشخانەکان ناگرێتەوە." پارێزگاری تاران وای گوت.
 
هاوکات سەرجەم زانکۆکان تاقیکردنەوەکانیان دوو هەفتە دواخستووە.
 
ئەوە بۆ جاری سێیەمە لە ماوەی 11 رۆژدا لە تاران پشوو رادەگەیێنرێت.
 
لە بەرەبەیانی 13ی حوزەیرانەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئەمریکا بە ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو" هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، کە سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمیی ئێرانن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە