رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆساد چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە نێو ئێرانە، کۆماندۆکان لەسەر زەوییەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکان.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، ئەوان رۆڵیان لە شێواندنی شەپۆلەکانی سیستمی بەرگریی ئێران لەکاتی هێرشەکانیاندا هەبووە.
بەرپرسانی تەل ئەڤیڤ، کاری ئەو دەزگایەیان لە ناوخۆی ئێران بەرزدەنرخێنن.
ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەو کارە لەگەڵ ژمارەیەک ئامانجی دیکە بەهۆی کارەکانی هێزی ئاسمانی و هێزەکانی کۆماندۆ لەسەر زەوی کران. ئەو هێزانە بە نهێنی کاریان لە قوڵایی خاکی دووژمن بەتەواوی ئازادییەوە دەکرد."
دوای دەستپێکی جەنگ و ئاشکرابوونی چالاکییەکانی مۆساد، ئێران دەستی بە دەستگیرکردنی خەڵک بە تۆمەتی سیخوڕی کرد.
بەگوێرەی میدیای ئێران، هێزە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتە تائێستا 700 کەسیان بەو تۆمەتە دەستبەسەرکردووە و بەشێکیشین بە خێرایی دادگەییکراون و لە سێدارەدراون، رۆژی پێنجشەممە 26ی حوزەیران سوپای پاسداران رایگەیاند 26 سیخوڕی دیکەی مۆسادیان لە خوزستان دەستگیرکردووە.
غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "بۆ دۆسیە ئەمنییەکان، بە تایبەت ئەوانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بە هاوکاریکردنی رژێمی داگیرکەرەوە هەیە یان وەکو ستوونی پێنجەم چالاکیان کردووە، دەمانەوێت پرۆسەی دادگەییکردنەکە خێراتر بکەین."
ئیسرائیلیەکان بەتەنیا نەبوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل دان بە پاڵپشتی هەواڵگریی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان دەنێت.
دەیڤد بارنیا، بەڕێوەبەری گشتیی مۆساد رایگەیاند، "دەمەوێت سوپاسگوزاری خۆم بە هاوبەشەکانم لە سی ئای ئەی بگەیێنم بۆ چالاکی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان کە بووە هۆی سەرکەوتن. سوپاسی سەرۆکی سی ئای ئەیش دەکەم کە پاڵپشتی دامەزراوەکەی بۆ دەرکردنی بڕیاری راست کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە".
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، ئەندامانی مۆساد لەنێو ئێران رۆڵیان لە کوشتنی ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی ئەو وڵاتەشدا هەبووە. تاوەکو ئێستا میدیای ئێران، کوژرانی 12 زانای ئەتۆمی پشتڕاستکردووەتەوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لانیکەم 30 فەرماندەی باڵای ئێرانیان کوشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ