رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردران و دوو ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانتاری رۆژهەڵاتی کوردستانن.
رۆژی سێشەممە، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو و محەممەدباقر قالیباف جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە. قالیباف لە ساڵی 2020ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە.
هەروەها عەلی نیکزاد، پەرلەمانتاری ئەردەبیل و حەمیدڕەزا حاجیبابایی، پەرلەمانتاری هەمەدان وەکو جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردران.
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران لە سەرۆک، دوو جێگری سەرۆک، شەش سکرتێر و سێ چاودێر پێکدێت.
موجتەبا بەخشیپوور، پەرلەمانتاری ئیسلاماوا و داڵاهۆی پارێزگای کرماشان وەکو سکرتێر و عەباس گودەرزی، پەرلەمانتاری بروجێردی پارێزگای لوڕستانیش وەکو چاودێر لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردران.
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ساڵانەیە و هەموو ساڵێک لە سەرەتاکانی سێیەم مانگی بەهاردا، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت.
پەرلەمانی ئێران 290 پەرلەمانتاری هەیە و خولی 12یەمی پەرلەمان لە 27-05-2024ـەوە دەستیپێکردووە. لە خولەکانی رابردوودا، پەرلەمانتارانی شیعە مەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەنگیان هێناوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ