رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران نوێترین ئاماری ئەنجامی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی ئیسرائیلی بۆ سەر زیندانی ئێڤین راگەیاند و دەڵێت، لانیکەم 79 کەس کوژراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، "لە رووداوی هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤیندا، بەداخەوە تاوەکو ئێستا 79 کەس لە زیندانییەکان و کەسوکاریان، کارمەندانی زیندان و دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک گرتووخانەکە کوژراون و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون."
بە گوتەی جەهانگیری، ئیسرائیل لەو کاتەدا هێرشی کردووەتە سەر گرتووخانەی ئێڤین کە کەسوکاری زیندانییەکان بۆ سەردانیان چووبوونە گرتووخانەکە. گوتیشی: "هێرشکردنە سەر گرتووخانەی ئێڤین، پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران روونیکردەوە، دوای هێرشەکە بۆ پاراستنی زیندانییەکان و کەمکردنەوەی نیگەرانی کەسوکاریان، دەستبەجێ زیندانییەکانیان بۆ شوێنە ئارامەکان گوێزرانەوە.
ئەو قسانەی گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هەفتەیەک دوای راگەیاندنی ئاگربەست دێت کە کۆتایی بە جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا.
هێرشە ئاسمانییەکە رۆژی دووشەممە، 23ی حوزەیران کرایە سەر گرتووخانەکە. بەپێی میدیای ئێران، بەشەکانی پاسەوانی، کارگێڕی و دادوەریی گرتووخانەکە کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگە دوازدە رۆژییەکەدا، زیاتر لە 30 فەرماندەی سەربازی و 11 زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون، هەشت دامەزراوەی ئەتۆمی و زیاتر لە 720 پێگەی سەربازییش بۆردوومان کراون.
ئێران زیاتر لە 550 مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەیان بەرپەرچ درانەوە، بەڵام هەندێکیان ئامانجەکانیان پێکا و بوونە هۆی کوژرانی 28 کەس، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل تەنیا یەکێکیان سەرباز بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ