سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: باشترین وەفا بۆ شەهیدانی ئەنفال، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و نەوتە

01-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لـە 42ەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو تاوانە "یەکێکە لە قێزەونترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ" و جینۆسایدێکی سیستماتیک بووە دژی هاووڵاتییانی سڤیلی کورد.
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، یادی ئەو کارەساتە تەنها برینێکی سارێژنەبوو نییە لە یادەوەریی گەلی کورددا، بەڵکو پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی رژێمە ستەمکارەکانەوە.
 
هاوکات سەرۆکایەتیی کۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە، باشترین وەفاداری بۆ خوێنی قوربانییان و شەهیدان، کارکردنی جددییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دۆسیەکانی "مووچە و نەوت و گاز،" لەژێر چەتری دەستوور و بە گیانێکی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی.
 
سەرۆکایەتیی کۆمار پابەندبوونی خۆی بە پشتیوانیکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان دووپات کردەوە، بە ئامانجی پتەوکردنی یەکێتیی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکرات لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاوبەشی.
 
دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق:
 
لە چل و دوهەمین ساڵیادی ئەنجامدانی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخی عێراق لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچووی بەعسەوە، بە ئازارێکی قووڵەوە یادی شاڵاوە تاوانکارییەکانی ئەنفال دەکەینەوە کە هاووڵاتییە کوردە بێتاوانەکانی بارزانی کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە منداڵ و ژن و پیر، لە کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە و سیستماتیکدا، کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و هەڵکەندنی مرۆڤ بوو لە خاکەکەی و بنەبڕکردنی ژیان.
 
ئەم تاوانە قێزەونە کە لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچووی بەعسەوە ئەنجامدرا، یەکێکە لە ترسناکترین شێوازەکانی سەرکوت و جینۆساید کە سەردەمی نوێ بەخۆیەوە بینیویەتی، و پێویستە لە یادەوەری نیشتمانیدا بە زیندوویی بمێنێتەوە. هەروەها پێویستە ئەنجامدەرانی و ئەوانەی دەستیان بە خوێنی بێتاوانان سوورە، ڕووبەڕووی دادپەروەریی یاسا و مێژوو ببنەوە.
 
ئەرکی ئێمەیە لە هەموو بۆنەیەکدا، قوربانیدانە گەورەکانی گەلە مەزنەکەمان لە ڕێگەی ئازادی و شکۆ و دادپەروەریدا بەبیربهێنینەوە.
ئەم کارەساتە تەنها برینێکی سارێژنەبوو نییە لە یادەوەری گەلی کورددا، بەڵکو پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی ڕژێمە ستەمکارەکانەوە کە شکۆی مرۆڤ و مافی ژیان و ئازادییان پێشێل کردووە.
 
گەلی کوردیش بە درێژایی مێژووی خۆی، بەرزترین نموونەکانی خۆڕاگری و قوربانیدانی لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیدا و ژیانێکی شکۆمەندانە لە سایەی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دەستووردا، بەرجەستە کردووە.
 
ئەمڕۆ کە یادی ئەم تاوانە قێزەونە دەکەینەوە، پابەندبوونی ئاکاری و دەستووری خۆمان بە پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق دووپات دەکەینەوە. هەروەها کارکردنی جددی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی مووچە و نەوت و گاز لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گیانێکی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و لە ژێر چەتری دەستووردا، وەک وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدان و بەرجەستەکردنی یەکێتی عێراقی فیدراڵی، پەرلەمانی و دیموکراتی کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاوبەشی و هاوسەنگی دامەزراوە.
 
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانی و سەرجەم شەهیدانی عێراق.
 
سەرۆکایەتی کۆمار
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە