رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رۆژانی دەنگدان "بەبێ گرفت" کارەبا دابین دەکات، کۆمیسیۆنیش دڵنیایی دەدات بۆ هەموو ئامێرەکان پاترییان ئامادە کردووە تاوەکو کێشەی کارەبایان تووش نەبێ.
ئەمڕۆ شەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ کۆمیسیۆن هاوئاهەنگیمان هەیە و دەتوانین بەبێ کێشە کارەبا بۆ بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دابین بکەین."
کەش و هەوا فێنک بووە، ئەوەش گوشاری سەر تۆڕەکانی کارەبای کەمتر کردووەتەوە، بۆیە وەکو گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ: "هیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان رووبەڕوو نابێتەوە و دەتوانین کارەبای بەردەوام بۆ رۆژانی دەنگدان دابین بکەین".
نبراس ئەبو سۆدە، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، کار بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان دەکات."
سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان پاترییان تێدایە، کۆمیسیۆن دەڵێت: "بۆ زیاتر لە 12 کاژێر ئامێرەکان کاردەکەن، پاتریی یەدەگیشیان لەگەڵدایە بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کارکردن بەبێ پچڕان و بەبێ پێویستی بە کارەبای نیشتمانی."
سەبارەت بە دابینکردن و بەکارهێنانی هێڵی ئینتەرنێت لە بنکە و وێستگەکانی دەنگدان، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "ئینتەرنێت لە هیچ کام لە رێکارەکانی دەنگداندا بەکارناهێنرێت، نە بۆ دەنگدان و نە بۆ هەڵگرتنی داتاکان، ئەمەش لە پێناو پاراستنی نهێنیی پرۆسەی دەنگدان."
لەبارەی کامێراکانەوە دەڵێت: "کامێراکانی چاودێری کە بۆ پاراستنی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دانراون، ئامێری تایبەت بە هەڵگرتنی تۆمارەکانیان تێدایە و پشت بە ئینتەرنێت نابەستن."
رۆژی 9ـی 11ـی 2025، دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت، رۆژی 11ـی 11ـی 2025 دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ