رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیاتر دەبێت.
شەوی رابردوو 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، قەیس خەزعەلی، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ نەعیم عەبوودی، بەربژێری بزووتنەوەی سادیقوون لە بەغدا رایگەیاند، "هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت و رێژەی بەشداری تێیدا لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیاتر دەبێت."
خەزعەلی، بزووتنەوەی سادیقوونی بە "پێشەنگی ئەو هێزە سیاسییانە" دانا کە "رکابەری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن" و گوتی، "ویستمان لە رێگەی وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، سەرکردەیەکی گەنج پێشکێشی کۆمەڵگەیەکی گەنج بکەین،" کە ئاماژە بوو بۆ نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا.
قەیس خەزعەلی باسی لەوەشکرد، "ئەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدەستهاتووە، لە چیرۆکێکی دیکەی سەرکەوتندا بەردەوام دەبێت،" و ئاماژەی بەوەشکرد، "هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە کۆڵەکەی گرنگی بنیاتنانی دەوڵەت دادەنرێن ئەگەر کاریان تێدا بەشێوەیەکی راست و دروست جێبەجێ بکرێت."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەدەستهاتووە، بەردەوام دەبێت لەپێناو گەیاندنی وڵات بە بەرزترین ئاستەکانی سەرکەوتن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ