رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ دامەزراندنێک لە ریزەکانی سوپا نییە و هۆشداریش لەبارەی ئەو فۆڕمانەوە دەدات کە بە ناوی وەزارەتەکەوە بۆ وەرگرتنی پارە بڵاوکراونەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەو هەواڵانەی لەبارەی کردنەوەی دەرگای خۆبەخشی (دامەزراندن) لە ریزەکانی سوپای عێراق بڵاوکراونەتەوە، بە هەموو شێوەیەک رەتیان دەکەینەوە."
وەزارەتەکە دەڵێت، هەندێک کەس و لایەن بە بڵاوکردنەوەی فۆرمی ناونووسینی ساختە، پارە لە هاونیشتمانییان وەردەگرن و جەخت دەکاتەوە، "ئەو کارانە هیچ بنەمایەکیان نییە و تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە."
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، هەر بانگەوازێکی فەرمی بۆ دامەزراندن تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە فەرمییەکانی وەزارەتەوە بڵاودەکرێتەوە و رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە "هەواڵی چەواشەکارانە بەناوی وەزارەتەوە بڵاودەکەنەوە."
ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی بەرگری دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین لینکی ساختە بڵاوکرابوونەوە کە گوایە وەزارەتی بەرگری دەرگای دامەزراندنی کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ