سوودانی ناچێتە پەرلەمان و کۆمیسیۆن جێگرەوەی دەستنیشان دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە پۆستەکەی بەردەوام بێت و سوێندی یاسایی بۆ بوونە ئەندامی پەرلەمان نەخوات. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش رایدەگەیێنێت، نووسراوی پەرلەمانیان بەدەست گەیشتووە و "سبەی" ناوی جێگرەوەکەی دەنێرن.
 
بەپێی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 01-02-2026 داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە، ناوی جێگرەوەی محەممەد شیاع سوودانییان بۆ رەوانە بکات.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری سەرکەوتووی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پارێزگای بەغدا رایگەیاندووە، سوێندی دەستووریی ئەندامێتیی پەرلەمان ناخوات و بڕیاری داوە لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام بێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 02-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ نووسراوەکەی پەرلەمانمان بەدەست گەیشتووە و رێکاری پێویست بۆ دیاریکردنی جێگرەوەکەی دەگرینەبەر."
 
سەبارەت بە میکانیزمی دیاریکردنی شوێنگرەوەکەی، عیماد جەمیل گوتی، "ئەو بەربژێرەی لە هەمان لیستدا زۆرترین دەنگی هێناوە و سەرنەکەوتووە، دەبێتە جێگرەوەی سوودانی و دەچێتە پەرلەمان."
 
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری زۆرە سبەی وەڵامی نووسراوەکەی پەرلەمان بدەنەوە و ناوی جێگرەوەکە رەوانە بکەن، تاوەکو سوێندی دەستووری بخوات.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، توانی زیاتر لە 92 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت. سوودانی یەکەمی سەر ئاستی لیستەکەی بوو لە پارێزگای بەغدا و دووەمین زۆرترین دەنگی عێراقیش بوو لە دوای رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک.
 
لیستەکەی سوودانی لە بازنەی بەغدا 15 کورسی بە دەستهێنا، بەپێی ریزبەندی دەنگەکان بێت، ریاز یونس حمێداوی، کە لە نێو بەربژێرە سەرنەکەوتووەکانی لیستەکە 7634 دەنگی بەدەستهێناوە، دەبێتە جێگرەوەی سوودانی لە پەرلەمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منارەی مزگەوتێک لە بەغدا

وەقفی سوننەی عێراق بڕیاریدا دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان کەم بکاتەوە

دیوانی وەقفی سوننی عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ مانگی رەمەزان، کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڵندگۆی مزگەوتەکان دەرکرد و بڕیاریدا دەنگی بڵندگۆکان لە گەڕەکەکاندا کەمبکرێتەوە.