پەیامی نوێی موقتەدا سەدر: بڕیاری بایکۆت قورسە و نابێت پشتگیریی گەندەڵکاران بکرێت

02-11-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، رۆژی یەکشەممە 02-11-2025 رایگەیاند، "بڕیاری بایکۆتکردن بۆ زۆر کەس قورسە، بەڵام من ئەمەم نەکرد تەنیا لەبەر گوێڕایەڵیی خودا و پێغەمبەرەکەی و وەکو یەکەم هەنگاو بۆ چاکسازی."
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکی نوێدا، ئاماژەی بەوە داوە، "هەموو جووتیار و سەرباز و سەرکردە چاکسازەکانمان دۆستی ئێمەن و لەگەڵیاندا دەبین، بەڵام دژی گەندەڵکارانین."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر روونیکردەوە، "بایکۆتکردن متمانەیەکە بە هاووڵاتییانی دڵسۆز و گوێڕایەڵ، چونکە بە دڵنیاییەوە وەکو خۆیانن و هیچ کاتێک پاشگەز نابنەوە."
 
رابەری رەوتی سەدر نووسیویەتی، "سڵاو لە رەوتی نیشتمانیی شیعە، سڵاو لە هەموو دۆستێکی چاکسازی و نیشتمان، سڵاو لە هەموو دۆستێکی موقتەدا سەدر، سڵاو لە شیعە و سوننەی عێراق، سڵاو لە هەموو پێکهاتە و کەمینەکانی عێراق."
 
سەدر بە تووندی رووی قسەی لەوانە کرد کە "نیشتمان بۆ پێویستیی خۆیان بەکاردێنن" و گوتی، "ئەوانە نیشتمان دەفرۆشن بە کوڕانی گەندەڵکار.. نیشتمان زۆر بەنرخترە لەوەی بفرۆشرێت بەوانەی داوای دەستکەوت دەکەن و لەپێناو یاساشکێنیدا دەچەمێنەوە و گوێڕایەڵن."
 
موقتەدا سەدر داوای لە خەڵک کرد دژی گەندەڵی بوەستنەوە و رایگەیاند، "بە چاکسازی و بایکۆتکردن، گەندەڵی تێکبشکێنن." لە کۆتاییدا، داوای لێبووردنی لە خوێنەران کرد و داوای کرد نوێژی خێر بۆ خۆی و رەوتەکەی بکەن.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە