رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، خۆی لە حوسێن عەرەب، یەکێک لە بەربژێرەکانی، بەهۆی " تاوانی ساختەکارییەوە" بێبەری کردووە، هاوپەیمانییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە: "جێگەی ئەو کەسانە لەنێو ریزەکانی هاوپەیمانییەکە نابێتەوە یاسا پێشێل دەکەن.''
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، حوسێن عەرەب لە ریزەکانی ئەو هاوپەیمانییە دوورخراوەتەوە.
حوسێن سەعید کازم، ناسراو بە حوسێن عەرەب، لەسەر بازنەی پارێزگای بەغدا و بە ژمارە 17 لەنێو هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان خۆی بەربژێر کردبوو.
لەبارەی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر بەربژێرەکان، هاوپەیمانییەکە رایگەیاند، "رێگە بە رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان دەدەین کاری خۆیان بکەن و هیچ شوێنێک بۆ یاساشکێن لەنێو ریزەکانماندا نییە."
رۆژی چوارشەممە، 29-10-2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە بڕیارێک ئەو بەربژێرەی بەهۆی ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندنەکەی، لە بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردن دوورخستەوە.
رۆژی شەممە، 1-11-2025، حوسێن عەرەب، جێگری سەرۆکی لیژنەی کار و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆمیسیۆن سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان تۆمار کرد، بە تۆمەتی بەکارهێنانی موڵک و دارایی دەوڵەت لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، داوادەکات سوودانی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دووربخرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ