رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هۆشداریی دایە هەموو بەشداربووانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و رایگەیاند، هیچ سازشێک ناکات لە جێبەجێکردنی یاسا و سەپاندنی سزا بەسەر هەر بەربژێر، حیزب یان هەڵمەتێکی هەڵبژاردن کە گوتاری رق و کینە بەکاربهێنێت یان ناکۆکی و ئاژاوەی تائیفی و نەتەوەیی بنێتەوە.
نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025، بە رووداوی راگەیاند، "سیستمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ژمارە (4)ی ساڵی 2025، گوتاری رق و کینە و هاندان بۆ تووندوتیژی یان ورووژاندنی ناکۆکیی نەتەوەیی و تائیفی وەک سەرپێچیی گەورەی هەڵبژاردن پۆلێن کردووە."
بە گوتەی ئەبو سۆدە، رووبەڕووبوونەوەی ئەو حاڵەتانە لە رێگەی دوو میکانیزمەوە دەبێت؛ یەکەمیان بریتییە لە چاودێریی راستەوخۆی مەیدانی لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە، دووەمیشیان لە رێگەی ئەو سکاڵایانەوەیە کە لەلایەن دەنگدەران یان لایەنە سیاسییەکانەوە پێشکێش دەکرێن.
یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆن جەختیشی کردەوە، "کۆمیسیۆن بە تووندی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە سەرپێچییانەدا دەکات، ئەمەش بەپێی یاسا و سیستمە کارپێکراوەکان و بۆ پاراستنی پاکی و بێگەردیی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیریی کۆمەڵگە."
نیبراس ئەبوو سۆدە، روونیکردەوە، "بەکارهێنانی هەر گوتارێک لەلایەن هەر بەربژێرێکەوە کە هانی رق و کینە بدات یان هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکات، بە سەرپێچییەکی ترسناک دادەنرێت".
گوتیشی، رێکاری کارگێڕی و ياسايی لە دژی دەگیرێتەبەر کە "سزای دارایی و دوورخستنەوەی یەکجارەکی لە بەربژێربوون لەخۆدەگرێت، ئەگەر هاتوو سەرپێچییەکە دووبارە بووەوە یان مەترسییەکەی گەورە بوو."
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمیسیۆن، ئەم سزایانە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە ياسايیانەدایە، کە پێیان دراوە بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەریی کێبڕکێکان و پاراستنی دەنگدەران لە هاندان و دابەشکاری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ