لیژنەی ئاسایشی هەڵبژاردن: ئەگەر لە ناوچەیەکدا پێویست بکات قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنرێت

03-11-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ


جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ 2025، رایگەیاند: "ئامادەکارییە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنەکان بەپێی پلانێکی تۆکمە بەڕێوەدەچن، لە کاتی هەڵبژاردندا قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێنرێت، بەڵام دەسەڵات دراوە بە سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن، بۆ سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆ ئەگەر پێویست بکات لە ناوچەیەکی دیاریکراودا."
 
قەیس مەحمەداوی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، سەبارەت بە قەدەخەی هاتووچۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ نابێ لەنێوان پارێزگاکان و نێوخۆی پارێزگاکان و گەشتی ئاسمانی، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆ ئەگەر پێویست بکات لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، بڕیارەکەش دوای راوێژ لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەدرێت".
 
قەیس مەحمەداوی راشیگەیاند: "دۆخی ئەمنی لە عێراق جێگیرە، گەیشتووینەتە قۆناخێکی نایاب و هیچ کێشەیەکی ئەمنی نییە، دەروازەکانی سنوور و گەشتی ئاسمانی بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن و پلانە ئەمنییەکەش بێگەردە و دەکرێت هەموار بکرێتەوە". 
 
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق 2025 ئاماژەی بەوەکرد:" مەشقێکی ئەمنیی بەرفراوان لە تەواوی پارێزگاکان کراوە، کۆبوونەوەیەکی ورد لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و فەرماندەییەکانی کەرخ و رەسافە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان لەم چوارچێوەیەدا کرا".
 
گوتیشی، "کارکردن بۆ دابینکردنی گەیاندنی هەموو کەرەستە پەیوەندیدارەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە و لە رۆژانی 6 یان 7ی ئەم مانگەدا لە ئامادەباشی 100%دا دەبن". 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن رۆژی 2-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"لە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ نابێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێت. هەروەها هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانیشدا نابێت."
 
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر زاری بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ، سەرۆکی تیمی راگەیاندن روونیکردەوە: "ئەو گرتە ڤیدیۆییە کۆنە و پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی ئەمجارەوە نییە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، 320یان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێر کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە