مالیکی بۆ دەنگدەران: ئەوانە بنێرنە پەرلەمان کە کڕین و فرۆشتنیان پێوە ناکرێت

04-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، "دەبێت کەسانی بەتوانا بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێن کە نە بکڕدرێن و نە بفرۆشرێن." گوتیشی، "پەرلەمان قاوەخانە نییە هەر کەسێک ویستی خۆی پێدا بکات."
 
ئەو گوتانەی نووری مالیکی لە کۆبوونەوەیەکی لایەنگرانى بوو بۆ ناساندنی یەکێک لە بەربژێرەکانی لیستەکەی لە بەغدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو.
 
نووری مالیکی دەڵێت، "پەرلەمان قاوەخانە و دامەزراوەیەکی دۆخی نائاسایی نییە تاوەکو هەر کەسێک ویستی خۆی پێدا بکات و بێت و بچێت."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی، "دەبێت ئەو کەسانە بچنە پەرلەمان ململانێیان لەگەڵ ژیاندا کردووە، بەتوانان و رۆشنبیر و دڵسۆزن و نە بکڕدرێن و نە بفرۆشرێن."
 
مالیکی سەرلیستی هاوپەیمانێتییەکەیەتى لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانی عێراق، کە لیستێکی شیعەیە.
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، "پەرلەمان دەوڵەت بونیات دەنێت و حکومەت دەستنیشان دەکات و لێی دەپێچێتەوە، هەموو شتێک لە وڵات بزووێنەرەکەى لە پەرلەمانەوە دەستپێدەکات، ئەگەر بەو ئاستە بێت، ئایا کەسانێکی بێهێزی بۆ دیاری بکرێت وڵات بەلایانەوە گرنگ نەبێت؟ یان کەسانی بەهێزی دەستپاکی بۆ دیاری بکرێت؟"
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 8ی تشرینی دووەم رادەگیرێت، یەکشەممەی داهاتوو 9-11-2025 دەنگدانی گشتی و دوو رۆژ دواتر لە 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە