سوودانی بڕیاری لێکۆڵینەوەی بەپەلەی دەرکرد: هەڵە کراوە و هەڵوێستی ئێمە نییە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لەو "هەڵەیە" بکرێت کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، سەبارەت بە لیستی تیرۆر بڵاوکراوەتەوە و رایگەیاند، رەزامەندیی عێراق تەنیا بۆ سڕکردنی سامانی ''داعش و قاعیدە'' بووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی بڕیاری دا  لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکرێت بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و سزادانی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو ''هەڵەیە''ی لە بڕیاری ژمارە 61ـی ساڵی 2025ـی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان روویداوە. 
 
بڕیارەکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی ژمارە 4848 لە 17ـی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی، ئەوەی لە رۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە، چەند دەقێک بووە کە ''هەڵوێستی نادروست'' نیشان دەدەن. رەزامەندیی لایەنی عێراقی بۆ سڕکردنی سامانەکان لەسەر بنەمای داواکاریی لایەنی مالیزیا، تەنیا بریتی بووە لە لیستکردنی ئەو قەوارە و کەسانەی، کە پەیوەندییان بە هەردوو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و قاعیدەوە هەیە.
 
حکومەتی عێراق لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ''هەڵوێستە سیاسی و مرۆییەکانی بەرامبەر بە دەستدرێژییەکان بۆ سەر گەلانی لوبنان و فەلەستین، هەڵوێستی پەرەنسیپی و نەگۆڕن و قابیلی موزایەدە نین و ئەمەش رەنگدانەوەی خواستی گەلی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.''
 
محەممەد شیاع سوودانی، بە تووندی وەڵامی ئەو دەنگانەی دایەوە کە رەخنەیان گرتبوو، ''هیچ کەسێک لە راوچییەکان و مایەپووچەکان ناتوانن موزایەدە بەسەر هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراقەوە بکەن.'' سوودانی ئاماژەی بەوەشدا حکومەت هەمیشە پشتیوانی لە مافی مێژوویی خاوەن زەوییەکان کردووە و دژی داگیرکاری، کۆمەڵکوژیی و کۆچپێکردنی زۆرەملێ وەستاوەتەوە.
 
سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان لە بانکی ناوەندی، بە نووسراوێکی "نهێنی و زۆر بەپەلە" داوای لە ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ناوی (حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن) لەو لیستە دەربهێنن، کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بەو پێیەی بە "هەڵە" دانراون.
 
ژمارە 4848ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوبووەوە، پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانی لە لیستی تیرۆردا دانابوو.
 
ئەم بڕیارەی لیژنەکە کاردانەوەی تووندی گرووپە چەکدارەکانی بەدوادا هات و هێرشێکی تووندیان کردە سەر حکومەتی عێراق و داوای روونکردنەوەیان کرد.  
 
عەممار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگار بە وەکالەت و سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان، هەر زوو نووسراوێکی "نهێنی و زۆر بەپەلە"ی بۆ ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران/ بەشی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان نارد و داوای کرد هەردوو بڕگەی (18 و 19) کە لە لیستەکەدا هاتوون، لاببرێن، بەهۆی ئەوەی لیژنەکە رەزامەندی لەسەر سڕکردنی پارەی ئەو قەوارانە نەداوە و "وادیارە بە هەڵە لەناو سەرەتاییەکاندا بڵاوکراوەتەوە."
 
لە بڕگەی 18 و 19دا ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن لە لیستەدا هاتووە. 
 
جێگری پارێزگار بە وەکالەت و سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان دەڵێت، "داواکارین بەیاننامەیەکی روونکردنەوەی زۆر بەپەلە سەبارەت بەم بابەتە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبکرێتەوە لەبەر گرنگییەکەی، تاوەکو ئەو کاتەی بڕیارەکە هەموار دەکرێتەوە و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە".
 
لیژنەی سڕکردنەکە بە جیا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە "ئەو لیستە ئاماژەی بە ژمارەیەک حیزب و قەوارە کردبوو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئەو دوو رێکخراوەوە نییە. رەزامەندیی لایەنی عێراقی تەنیا لەسەر خستنە لیستی ئەو قەوارە و تاکەکەسانە بووە، کە پەیوەندییان بە داعش و قاعیدەوە هەیە". 
 
بەپێی لیژنەکە، ئەو بڕیارە لەسەر داوای دەوڵەتی مالیزیا و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1373ی ساڵی 2001 بووە.
 
هەروەها دەڵێت، "خستنە لیستی ناوی قەوارەکانی دیکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی لیستەکە بووە پێش وردبینیکردنی، بۆیە ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە راست دەکرێتەوە و ئەو قەوارە و حیزبانە لە لیستی قەوارە پەیوەندیدارەکان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە دەردەهێندرێن." مەبەست لێی، حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک چەکداری حووسییەکانی یەمەن. وێنە: Reuters

حکومەتی عێراق: ناوی حیزبوڵڵا و حووسییەکان بە هەڵە لە لیستی تیرۆر دانراوە و دەردەهێنرێت

حکومەتی عێراق راگەیێندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دانانی ناوی ژمارەیەک لیست و قەوارە لە لیستی تیرۆر "هەڵە بووە" و هۆکارەکەی بڵاوکردنەوەی رەشنووسی لیستەکە بووە پێش وردبینیکردنی.